ئەنجومەنی سەوزی چیا

ئەنجومەنی سەوزی چیا

پاراستنی ژینگه ، پاراستنی ژیانه

  • your-alt
  • your-alt
  • your-alt

بەیانیەی شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بە بۆنەی هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بۆ سەر کوردانی ڕۆژاوا

قەبارەی فۆنت :
2019/10/11

بە ناوی بەرزەناوی خودای گەورە و دلۆڤان
بەیانیەی شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بە بۆنەی هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بۆ سەر کوردانی ڕۆژاوا
بۆ بیروڕای گشتی کوردستان و هەموو جیهان
هەروەها کە ئاگادارن دەوڵەتی فاشێستی تورکیە لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشێکی دڕندانەی کردوەتە سەر ڕۆژاوای کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە کە بیروڕای گشتی جیهان بێ ئاگا نین کە کوردانی ڕۆژاوا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان و بۆ پارێزگاری لە مرۆڤایەتی، لە تێکشانی داعش و داعشیسمدا دەوری سەرەکییان گێڕاوە و نیشانیان داوە کە لە نیشتمانی خۆیاندا هەموو نەتەوەکانی ناوچە ئەتوانن لە ئاشتی و ئارامیدا پێکەوەژیانێکی ئاسوودەیان ببێ. بەڵام بە داخەوە ئەمڕۆ کەوتوونەتە بەر هێرشی جەنایەتکارانەی سپای داگیرکاری تورکیە.
هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردانی رۆژاوا، بێ گومان ئەتوانێ ئەنجامێکی ترسناکی بۆ وڵات و ناوچە و جیهان ببێ. ئەردوغانی پەتیارە و زڕباوکی داعش، بە بیانوی بەربەرەکانێ لە گەڵ ترۆریسم و پێکهێنانی ناوچەی ئەمن، ئەیەوێ نیشتمانی سیاسی و پێکەوەژیانی کوردان و نەتەوەکانی دیکەی رۆژاوا لە ناو ببات و کۆمەڵکوژییەکی دیکە ئەنجام بدات.
گەرچی دەوڵەتی تورکیە و پارتە دەسەڵاتدارەکەی بۆ مانەوەی خۆیان و پاراستنی حکومەتە لەرزۆکەکەیان پیویستیان بە شەڕ و کوشتارێکی دیکە هەیە، بەڵام گرنگترین ئامانجی ئەم تورکانە ڕزگار کردنی داعش و ڕێکخستنی دووبارەیان بۆ پاوانخوازی ئەرزی و مەرامیی خۆیان و کوشت و بڕی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو جیهانە. دیارە بیروڕای گشتی جیهان بە باشی تێدەگات کە ئەم شێوازی هەڵسووکەوتە مەترسیەکی گەورەیە بۆ هەموو جیهان.
ئەمڕۆ کۆمەڵگای جیهانی لە هەمبەر هێرشی سپای داگیرکاری تورکیە بۆ سەر خەڵکی بێ پەنای ڕۆژاوا بێ هەلوێست نییە. کۆمەڵگای مەدەنی جێهان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم جووڵە دژەمرۆڤانەیە بە ئاگا هاتەوە و هەموو دامەزراوە دەوڵەتی و نادەوڵەتیەکانی خستوەتە ژێر گوشار و داوای کاردانەوەیان لێ دەکات. دیارە دەمێکە کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی سەقامگیر بووە و بەردەوام پابەند بە دادپەروەرییە و دژایەتی ستەمگەری لە هەموو ئاستێکدا ئەکات. بە بڕوای کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی؛ دامەزراوە بەرپرسەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ! کارایی خۆیان لە دەست داوە و بە بێدەنگی و ئامۆژگاری بێ بنەما، داگیرکارانیان بۆ لەژێرپێنانی زۆرتری مافی خەڵکی بێ پەنا بە تایبەت کوردەکان دڕتر کردوە.
ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، هاوڕێ و هاودەنگ لە گەڵ کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی، بێدەنگی و هاوڕێیی دامەزراوە و دەوڵەتەکان لە گەڵ هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردەکان بە توندی ئیدانە دەکات و پێی وایە؛ پێویستە کە هەموو نەتەوە ئازادیخوازەکانی ناوچە و جیهان لە هەمبەر پێچەوانە نیشاندانی چەمکە مرۆییەکانی وەک ئاسایش، ئاشتی و مروڤ دۆستی دەوڵەتی داگیرکاری تورک بەربەرەکاێ بکەن و نەهێڵن مانا دەروونییەکانی ئەم چەمکانە بە هۆی داگیرکارانەوە پێچەوانە ببێتەوە و هەوڵی ئەوان بۆ گەیشتن بەم مەبەستە نامرۆڤانە لە ژێر ناوی ئەم چەمکانە لە قاو بدەن و رسوای بکەن.
ئێمە داواکارین کە دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی وەک؛ شۆرای ئاسایش، یەکیەتی ئورووپا و یەکیەتی وڵاتە عەرەبەکان و دیکەی ڕێکخراوە چالاکەکان بێ هەڵوێست نەبن و بەر بە کۆمەڵکۆژی و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بگرن.
شۆرای ڕێکخراوە مەدەنیەکانی مەریوان، وێڕای ئیدانە کردنی هێرشی دڕندانەی چەکمەسوورەکانی ئاتاتورک و خوازیارانی ئیسلامی توندڕەو، کە ڕێچکەیەکی لادەرانە لە ئایینی ئیسلامە؛ لە هەموو گەلی کورد و ئازادیخوازانی جیهان داوا ئەکات؛ لە هەمبەر ئەم باروودۆخەدا، هەڵوێست و چالاکیی بە کردەوەی خۆیان بسەلمێنن و لە هەر ڕێگایەکەوە کە پێیان ئەکرێ یارمەتی خەڵکی ستەم لێکراوی ڕۆژاوا بدەن.
شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان
1398/7/18
 ناوەندی فەرهەنگی – هونەری ڤەژین
 ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبی ڕۆجیار
 یەکێتی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان (یەمامە)
ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان (انجمن صنفی معلمان مریوان)
 ئەنجومەنی خەڵکیی بەرگری لە مادە هۆشبەرەکان- ژیانەوە
ئەنجومەنی سەوزی چیا
 ئەنجومەنی فەرهەنگیی – ئەدەبیی مەریوان
 ناوەندی زانستی – فەرهەنگی ڕۆنان

پرسیارەکانتان بپرسن :