ئەنجومەنی سەوزی چیا

ئەنجومەنی سەوزی چیا

پاراستنی ژینگه ، پاراستنی ژیانه

  • your-alt
  • your-alt
  • your-alt

سەماوەرەکان داربەڕوو دەڕوێنن!

قەبارەی فۆنت :
2018/12/26

چایی فرۆشەکەی زرێبار, بۆ پاراستنی دارستانەکانی زاگرۆس, لە جیاتی زووخاڵ, گاز بەکار دێنێ.
لاوێکی مەریوانی, بۆ بەرهەڵستیی کاولکاریەکانی ئەم دوایانەی دارستانەکانی ناوچەی مەریوان و ڕاکێشانی بیروڕای گشتی بۆ پاراستنی دارستان, سەماوەرە زووخاڵییەکانی خۆی کرد بە گوڵدان بۆ نەمامی بەڕوو. ئەو ئیتر بۆ چایی لێنان سەماوەری گازی بەکار دێنێ.
ڕۆژی ۴ی بەفرانبار, زرێباری دلۆڤان, بۆ پاراستنی ژینگە, پێشوازی لە هەنگاوێکی سەمبولیکی دیکە کرد.
وەک ئاگادارن ماوەیەکە کەسانێکی دژ بە ژینگە بۆ بەرژەوەندی و قازانج و بازەرگانی کەوتوونەتە گیانی دارستانەکانی ناوچە و بە باخ و زەوی کشتوکاڵی کردن و خەڵووز کردن, دۆخێکی زۆر مەترسیداریان خولقاندوە.
بەداخەوە چەند ساڵێکیشە چایی خەڵووز لە شاری مەریوان بوەتە نەریتێکی بەربڵاو و تەنانەت کەبابیەکانیش لە جیاتی گاز لە زووخاڵ کەڵک وەر ئەگرن و بەم جۆرە بازاڕی کاولکاری دارستان گەرم و گەرمتر بووە.
گۆڕینی سەماوەری زووخاڵی بۆ گازی لە لایەن “کاک پدرام هجرانی”, بەرپەرچێکە بۆ کاولکاری دارستانەکانی نیشتمانی جوانمان. بەڵکوو خەڵکی تریش چاو لەم لاوە ژینگەپارێزە بگرن و چیدی زووخاڵ بۆ کاروکاسبی بەکار نەهێنن و لە گاز کە هەرزانتر و تەندروسترە کەڵک وەر بگرن.
ئەم هەنگاوەی “کاک پدرام” لە لایەن دڵسۆزانی سروشت و بەتایبەت ئەندامانی “ئەنجومەنی سەوزی چیا” پێشوازیەکی گەرمی لێ کرا و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا ڕێزی لێ گیرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا “کاک کامران قادری” کە ساڵی پار هەر دوو پای خۆی لەدەست دابوو, بە ئیرادەیەکی پۆڵایین لە سەر ویلچر, بە تاجە گوڵێکەوە لە سەر مەزاری شەهیدانی ژینگەـ شەهید شەریف باجوەر و شەهید ئومید حسین زادە, تا زرێبار پەیامی ژینگەدۆستی ئەوانی گەیاندە “کاک پدرام هجرانی”.
هەروەها لەو ڕێوڕەسمەدا “کاک ناجی کانی سانانی” وەک بەرپرسی ئەنجومەنی چیا, وێڕای ئاماژە بە بارودۆخ دارستانەکانی زاگرۆس و پێویستی پاراستنیان, ڕێزی لەو هەنگاوانە گرت و ڕێزنامەکەی ئەنجومەنی لە بەڕێز هجرانی خوێندەوە. پاشان ڕێزنامەکە لە لایەن “کاک کامران قادری” پێشکەش بە “کاک پدرام” کرا.
بەو هیوایە ئەم هەنگاوە خۆبەخشانە ببێتە تەوژمێک لە ئیرادە و خۆشەویستی بۆ ژینگە و سروشت و نیشتمان.

 

بینینی وێنەی زۆرتر

پرسیارەکانتان بپرسن :