پ
پ

“بێگومان ئەگەر خاتوو شلێر ڕەسووڵی، متمانەی تەواوی بە یاساکانی دەسەڵات و فەرهەنگی پیاوسالاریی کۆمەڵگەکەی بۆ بەرگریکردن لە شەرافەت و کەرامەتی خۆی ببوایە لە بەرامبەر ئەو پیاوەی کە دەیەویست بەشێوازێ وەحشیانە دەستدرێژی بکاتە سەری، قەت ناچار نەدەبوو وەها گیانی خۆی بخاتە مەترسییەوه و کەسەی جەنایەتکارەش نەیدەوێرا قەرەی جەنایەتێکی وەها بکەوێ.”

 مەرگی خاتوو شلێر، ژنه کوردی قوربانیی توندوتیژی و جەنایەت، بۆ بنەماڵەی، کەسوکار و سەرجەم ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دڵهەژێن و تراژیک بوو. جەنایەتی ناخهەژێنی لەم شێوەیە بۆ کۆمەڵگەکەمان جێی باوەڕ نییە.

وەک ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان وێڕای ئەوەی لە ناخی دڵەوە خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵەی شلێر ڕەسووڵی و سەرجەم ژنان و پیاوانی شەرافەتمەندی ئەم کۆمەڵگەیە دەزانین، سپاسی بەشداریی پڕشکۆی سەرجەم خەڵکی مەریوان، ژنانی شۆڕشگێڕ و مافخواز و ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیی مەریوان دەکەین بۆ بەرگریکردن لە مافی ژنانی قوربانی و دەبڕینی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنی ئەم جەنایەتە قیزەوەنە.
بەشداریکردنی ئێوەی ژنان و پیاوانی مافخواز و ئازادیخواز لە 17ی خەرماناندا، حیماسەیەکی دیکەی هەتاهەتایی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و مەریواندا تۆمار کرد.

گومان لەوەدا نییە کە شلێر ڕەسووڵی وەک هەزاران ژنی دیکەی ستەملێکراوی ئەم کۆمەڵگەیە، پێش ئەوەی لەلایەنی پیاوێکی جەنایەتکار و نەخۆشەوە بکرێتە قوربانی، قوربانیی دەستی یاسا و فەرهەنگی پیاوسالاریی کۆمەڵگەن، تۆقێنەرتر لەم کارەساتە، یەکگرتنەوەی نالەباری هاڵاواردنی جنسیی، نابەرامبەری چینایەتی و نادادپەروەرییە لەم کۆمەڵگەیەدا. بۆیە وا دەخوازێ کە سەرجەم ژنان و پیاوانی دادخواز، وێڕای هاودەنگی و هاوڕێیەتی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیکراو و سەرجەم قوربانیان، ڕەخنە و بەرپرسیارەتیی سەرەکیی بەرەوڕووی لاوازییەکانی یاساکانی دەسەڵات لە بەرگرینەکردن و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کۆمەڵگەی پیاوسالاریی بکەنەوە.

بۆ سەرجەم خەڵکی مەریوان ڕوون و ئاشکرایە کە ساڵانێکی زۆرە پەرەپێدانی بە لاتپەروەری و بوونی ئاشکرا و بێ ترس و کۆی بڕێ لاتولووت و چەقۆکێش و ڕێگر، کراوەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی مەترسیدار بۆ سەر ژیان و گیانی خەڵکانی ئەم شارە. بێگومان ئەو کەسانە لە بن سێبەری ئەمنیی و بەهۆی گرێدراوییان بە هەندێ شوێن و لایەنەوە، بوێرانە دەسدرێژیی دەکەنە سەر دارستان و ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەکانیان و بەگشتیی ژیانی خەڵکانی ئەم شارە، وەک چۆن لەم ئەمساڵدا، کۆمەڵێکیان بەشێوازێ هۆڤیانە دەسدرێژییان کردە سەر کۆبوونەوەی یاسایی و هێمنانەی ئەو مامۆستایانەی بۆ بەرگریکردن لە مافی خۆیان و قوتابیانیان هاتبوونە سەر شەقام.
مەخابن ئەمڕۆکەش زۆربەی ئەو لە ژێر سێبەری یاسای لاواز و بەکەڵکنەهاتوو، درێژە بە تاوانەکانیان دەدەن و تاونەتاوێ لە خەڵکی شۆڕشگێڕی مەریوان دەکەنە قوربانیی ئامانجە گڵاوەکانیان.

بێگومان حیماسەی بەشداریکردنی هەزاران کەسیی خەڵکی مەریوان لە 17ی خەرمانانی 1401 دا، هاوکات لەگەڵ دەربڕینی داشداریکردن لە خاتوو شلێر ڕەسووڵی و ژنانی قوربانیی دەسدرێژی و سەرجەم قوربانییانی دیکە لە مەریوان و کوردستان، بەگشتیی هەڵگری پەیامێکی جیدییە بۆ سەرجەم دامودەزگاکانی دەسەڵات کە چیتر لە هەمبەر پشتگوێخستنی ئەرکی سەرەکیی خۆیان واتە بەرگریکردن لە مافە ڕەوا و ڕێگەپێدراوەکانی شارۆمەنداندا، هیچ شێوازە کەمکارییەکیان لێ قەبووڵ ناکرێت و بە هەموو شێوازێ ڕووبەڕوویان دەبینەوە و هەر وەها ئەم بەشدارییە پڕشکۆ و مێژووییە، هۆشدارێکی جیدییە بۆ سەر دیاردەی لاتپەروەری و پاراستنی ژمارەیەکی کەم لە بەرانبەر نەبوونی ئەمنییەتی شارۆمەندانەوە.
بەم پێیە ئەرکی مێژوویی سەرجەم خەڵکەکەمان، ڕێکخراوە مافخواز و ئازادیخوازەکان دەخوازێ کە لە هەمبەر بوونی هاڵاواردن و نائەمنیی بۆ سەر ژنان و سەرجەم شارۆمەنداندا کەڵک لە سەرجەم ئیمکان و تواناکانی هەڵسوکەوتە مەدەنییەکان وەرگرن.

 ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان
ناوەندی زانستی فەرهەنگی ڕۆنان
ئەنجومەنی سەوزی چیا
ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین
ئەنجومەنی فەرهەنگی  ئەدەبیی ڕۆجیار
ئەنجومەنی بەرگریی مادە هۆشبەرەکان (ژیانەوه)
ناوەندی سڵامەتی ژین
ئەنجومەنی شانۆی مەریوان

لێدوانێک بنووسە

  • ئەو لێدوانانەی نێردراو لەلایەن ئێوە لە ماڵپەڕ پاش پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەر بڵاوئەکرێتەوە.
  • ئەو لێدوانانەی کە بوختان یان ناوزڕاندنی تێدایە بڵاو ناکرێتەوە.