پ
پ

بسم‌اللّه الرحمن الرحیم
بە ناوی مەزن‌یەزدانی دڵاوای دڵانوان
سنەی نیشتمان!
جەماوەری پڕلە داخ و دۆژ و کەسەر!ئاویەری سەربەرز! حەمـــــــــــیــــــــد؛ ڕۆحــــــــی حەمید؛ شەهــــــــــیدی سەرفرازی ئاویـــــــــــەر؛ بە ژیانێـــــــــــــک کورت و بە تەمەنێـــــــــــــک پڕ لە سەربـــــــــــــەڕزی و شـــــــــــــــــــانازی،
لە تەنیشت گزینگی خۆرەتاوی ئاسۆی سووری چیاکانی خاکی پیرۆزمان و باڵای شکۆمەندی ئێڵاخەبەفراوی و چەرمووەکانی وڵات و لەبان باندەشتەسەوزەکانی نیشتمان، بەقەڵافەتێکی نیشتمانپەروەرانە و لە پێناو ڕێبازی شکۆمەندانەی شەریفانەوە ڕاوەستاوە و ئومێدی دواڕۆژێکی ڕوون و پڕسەروەری‌‌ بۆ نێشتمان دێنێت! حەمید مورادی لە ڕەگەزی ڕەسەنی ڕۆڵەکانی گیانفیدا و خۆنەویستی ئێستا و نیشتمانپەروەرانی ئەم خاکە، ڕۆژگارانی ئەمڕۆی زەمانیان بە خوێن و خەباتی خۆیان لکاند بە زیاتر لە سەدەیەک تێکۆشان و کۆڵنەدان و نەبەزین لە پێناو نیشتمانێکی دەسبەسەرداگیراو و تێکدراو و تاڵانکراوی دەسەڵاتگەلی نەخوازراو و داسەپاوی وێرانکەر.
ژینگەپارێزانی ئەم خاکە دەیان ساڵە مەترسییەکانی سەر خاک و ئاو و ژینگەیان بە گوێی کەڕ و چاوی کویر و بیری مەنگی دەسەڵاتدا گەیاندووە. ئەم هاوار و هەرایەشمان بە بەرۆکی کۆمەڵگای خەوتوو و خاوێرکەوتەکەی ئەم خاکەدا چرپاندووە؛ نە دەسەڵات لە مەنگی دێتەدەر و نە کۆمەڵگایش وەدەنگ‌دێت. دەستی چەپەڵ و پیسی کاولکەرانی ژینگە و یاسای سەقەتی ئەمڕۆ و جێبەجێکارانی ناتەوان و نالایەقی دەسەڵات، هیچ کام لە هاوار و فریاخوازی و داد و داخوازی ژینایی‌پارێزان و ژینگەوانانی ئەم نیشتمانەیان نەبیست؛ هەم گوێیان کەڕە، هەم یاسایان بەرگرنییە و هەم چارەسەر و دەرمانیان پێ‌نییە. تا ئێستایش هەر نایبیسن و گۆێگریش نین.
خەڵکی بەئەمەگ! سنەی سەربەرز! لە دوێنێی سووتان و هەڵقرچانی ڕۆڵەکانی گەل لە ئاگری ۲ی گەلاوێژی ئاویەری زامدارەوە تا ئێستای ئەم کۆڕ و کۆچەنگاوەدا ئەوا لە ‌پێنج شوێنی جیاجیای مەریوانیشەوە ئاگری ناحەزان لە ژێر چەناکەی دەسەڵاتی نادەربایسدا بڵێسەیان ئەگاتە پۆپەی دارستان. لەم دۆخە مەترسیدارەدا نە کۆمەڵگا بەئاگایە و نە دەسەڵاتیش چارە و تەگبیری پێیە. تۆڵەی خوێنی ڕۆڵەکانمان، لای کام دادگای دادپەروەر داخوازکەین؟! پەترۆی زامی دارستان و لێڕەوارەکانمان، لە کوێ هەتوان بنێین؟! گەرووی وشک‌هەڵاتووی ڕووبارەکانمان، لای کێ پاراو کەین؟! بووژانەوەی ژینایی وڵاتمان لای کێ و لە کوێ و لە کام بارەگای دانەخراودا زینوو بکەینەوە؟!
خەڵکی بەئەمەگ!
جەماوەری بەشداربوو!
کۆمەڵگای نیشتمان!
ئەوەی کە تا ئێستا سەلماوە و بە سەدان و هەزاران‌جار ئەزموون کراوە؛ ئەبێت: عەزمێکی لێبڕاوانە، ئیرادەیەکی پۆڵایین، و تێکۆشانی بەردەوام و لەپسان‌نەهاتوی دوور لە پەرتەوازەیی و دووری‌گرتن لە جووڵانەوەی جەزیرەیی و هەڵسانەوەیەک بۆ یەکگرتنەوەی بڵۆکەکان چارەی کار و دەرمانی دەردانە٪
ئاشکرا دیارە و وەک ڕۆژ ڕووناکە کە هیچ کەس، هیچ لایەن و هیچ دەسەڵاتێک نەک یارمان نەبووگن بەڵکوو هۆکاری هەموو ئازار و چەوساوەیییەکانمان بووگن. ئەها: لەم جیهانە پڕجەخار ومەینەتەدا ڕۆڵەگەلێک هەن کە کار و فرمان و ئایەندە و خوێن و گیانی خۆیان فیدای خاکی پاکی نیشتمان و پاراستنی ژینگەی وڵات ئەکەن. چ پیرۆزە ئەم ڕێبازە و چ شکۆمەندە ئەم کۆچە و ئاخۆ چ جێگایەکیان هەبێت لە باخەنەبڕاوەکانی بەهەشت دا؟!
ئەنجومەنی سەوزی چیا لە پێناو ڕاستەڕێگای ژینگەپارێزی و هێشتنەوەی ژینایی ئەم نیشتمانە و هاوڕێی ڕۆڵەکانی سەربەرز و گیان‌فیدای ئەم خاکەپاکەدا بە ئەندیشەی سەوزەوە تا دوایین هەناسەکانی گیان و هەناو و تا بەپێوەمانەوەی داربەڕووەکانی نیشتمان بە ڕابوونێکی شێلگیرانە و نەبەزانە، هاوڕێ و هاوخەباتی ڕێبازی ژینگەپارێزی و پاراستنی بست‌بەبستی ژینایی وڵات یەکانگیر و هاوڕێباز ئەمێنێتەوە.
بۆ شەهید کاک حەمید مورادی شەهیدی سەرفەرازی ئاویەری سەربەرز خۆمان بە خاوەن‌پرسە ئەزانین و ئاواتەخوازی خۆڕاگری بۆ بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدەکەمان هەین؛ جێگای بەهەشتی نەبڕاوە بێت.

لێدوانێک بنووسە

  • ئەو لێدوانانەی نێردراو لەلایەن ئێوە لە ماڵپەڕ پاش پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەر بڵاوئەکرێتەوە.
  • ئەو لێدوانانەی کە بوختان یان ناوزڕاندنی تێدایە بڵاو ناکرێتەوە.