پ
پ

بە ناوی مەزن‌یەزدانی دڵاوای دڵانوان

باوەشی دایکی نیشتمان بەتەنیا حەمیدی تیانییە!
یەڪ ڪەم و دوو خەم سێ خاترجەمەن

تەڵمیتێڪ لە سەر ڕێچڪەی شەرەف لە وارگەی سوورخەڵاتان. لە ئاسووی سووری چیاسەرڪەشەکانی زاگرۆسەوە، بە گزینگی هەتاوی سوڵتان سیراجەددین و پەلڪــــەی ڪـــەزییەی چەرموی خاتوون‌شیشەڕێ، بەرەو دامانی بەسەوزنەخشاوی ئاویەر ڕازاوەتەوە. ئامان دەسەداوێنتان ئەو تەڵمــــــــــیتە مەلەخشێنن! مەیبزوێنن! زامەڪانیان پەترۆی نەبەستۇوە. بە شنەی شەماڵ و تنۆڪی ئاوی حەفت‌ئاسیاو بـیانلاوێــنـن؛ ئەها چیاڪۆ بە قەڵافەتێڪ لە چیا سەرڪەشەڪانی ڪوردستان، هاوڕێی خەبات وەڪ سیمبولی بەرخودان، لە سینەی سنەی نیشتمانی باوان، ڪاروان ئەڪەن بەرەو ڕووناڪی و بەهەشتی یەزدان.
بەڵێنەو داویانە بە نیشتمان: ”پشتی برا بەرنەدن؛  ڕێچڪەی شەرەف بپێون تا نیشتمان بمێنێت”.
جەماوەری بەهەڵوێست!
سنەی سەربەرز!
خەڵڪی بەئەمەگ!
دیسان ئاگری ئەهریمەن‌بیران و دەستی چەپەڵی ناحەزانی دژ بە نیشتمان، ڕۆڵەی لێڕفاندین. تا ڪەی ئەبێ ڕۆڵەڪانمان لە لایەڪەوە ببن بە سووتووی ئاگری خەڵڪی خاوێرڪەوتە و خەوتوو و ڪەسانی دەس‌پیس و لە لایەڪی دیڪەیشەوە، دەسەڵاتی خۆڪەڕڪەر و خۆدزەوە و نابەرپسیار؟!
تا دەرگا بە سەر ئەم گێجەنەوە بێت؛ چارەنووسی ڪۆمەڵگا بەرەو ساڪۆسیایی و تاریڪستان ئەڕوات.
ئاخۆ ئەو خەڵڪە ڪە لە بەرانبەر ئەم هەموو وێرانڪاری و تاڵان‌وبڕۆی دوژمنانی ئەم خاڪەدا، ڪە لە ژینگە و ئاو و خاڪ و خوێنمان ئەڪرێت ڪەی وەخەوەردێن؟!
ئەوا ئەم هەموو ویرانگەرییانە ڪە لە ژێر چەناڪەی دەسەڵاتدا ئەڪرێت، مەگەر تا ڪەی ئەبێ دڕێژەبڪێشێت؟!
تا کەی ڪۆمەڵگا گرینگی‌نادات بە چارەنووسی ژینگە، ژینایی، ژیان و گیانی پاڪی ڕۆڵەڪانی؟!
تا ڪەی هەردوو بەردئاشی نەگریسی دەسەڵاتی نابەرپرسیار و خەڵڪی خۆگێلڪردوو، گیان و ژیان و خاڪ و ئاو و ئاوەدانی و ژینایی و ڕێز و ڪەرامەتی ئەم گەلە هەپروون‌هەپروون بڪات؟!
ڪزەی جەرگی دایڪ و بابانی ئەم نیشتمانە تا ڪەی؟!
وێرانڪردنی نیشتمان تا ڪوێیا؟!
نەتەوەیەک تا چ‌ئاستێک ڪیشانی باری سەنگینی ژین و ژیانی پێئەڪرێت؟!
ئێمە ئەنجومەنی سەوزی چیا، هاودەنگ لەگەل گشت ژینگەپارێزان و خەمخۆرانی نیشتمان، لەم ڪۆس و ڪۆس‌ڪەوتنانەدا خۆمان بە خاوەن‌خەم و ڕۆڵەی هاوخەمی بنەماڵەگەلی ڪزەلێڪەوتوو ئەزانین؛ بەشداری داخ و مەینەتیانین.
گیان و ڕۆحی هاوڕێکانمان: ڪاڪ خەبات ئەمینی، ڪاڪ چیاڪو یووسفی‌نەژاد، ڪاڪ حەمید مورادی لە باخەڪانی بەهەشتــــدا حەساوەبن و تەن و پەیڪەری خاوێنیان لە خاڪی پاڪی نیشتماندا ئارام بنـــــون.
ئەم ڪارەساتە دڵتەزینە لە بنەماڵەگەلی خاوەن‌ڕێزی گیانبەخت‌کردۇوەڪان، لە خەڵڪی سنەی سەربەرز، لە هەموو نەتەوەڪەمان و هەموو ژینگەپارێزان، لە ناخی دڵمانەوە پرسانە‌ئەکەین و سەرەخۆشییان ئاڕاستە‌ئەکەین.
تا نیشتمان بمێنێت؛ ئەوینی خاک و ڕابوونی نەتەوە و فیداکاریی  نیشتمانوانیش ئەمێنێت.

لێدوانێک بنووسە

  • ئەو لێدوانانەی نێردراو لەلایەن ئێوە لە ماڵپەڕ پاش پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەر بڵاوئەکرێتەوە.
  • ئەو لێدوانانەی کە بوختان یان ناوزڕاندنی تێدایە بڵاو ناکرێتەوە.