لە ئینسانێک کە هەر خۆتی، هەزار چیرۆک دەگێڕمەوە
ئەگەر خەمی نان لێم گەڕێ…
هەواڵی دڵتەزێنی دۆزرانەوەی تەرمی فەرهادەکەی هەورامان، دڵ و دەروونی هەموو لایەکی هەژاند. وا دیارە مێژووی ئەم دەڤەرە بە خەم و هەڵپڕووکان و هەڵقرچانەوە گۆچ کراوە و ڕۆڵەی ئازا و شیرینی وەک فەرهادەکان ڕێبواری ئەم کاروانەی پەژارەن کە تا بێت زۆرتر ئەبن.
هێشتا شار سەری لە ئاست نەهامەتی و جەور و ناحەقییەوە بەرز نەکردبووەوە کە ڕێگای سەخت و قاقڕی نان، دیسانەوە بە چیرۆکێکی سەرسوڕ هێنەر، باڵی کێشا بە سەر ئەو بەختەی بە زۆرەملێ کراوەتە بەر خەڵکی ناوچە.
کۆڵبەریی لای ئێمە ڕێگایەکی نەشیاوی لەسەر ناچارییە، نەک دڵخوازێک بۆ وەدەست خستنی پاروویەک نان!. ئەم کارە وەک داخێکی دیار وا بە سەر ناوچاوانی ئەو نابەرپرسیارانەوە کە ئەم خەڵکە و ئەم ناوچە دەوڵەمەندەیان لە گەشەی ئابووریی دوور خستوەتەوە. ڕووی داسەپێنەرانی هۆکارانی کۆڵبەری ڕەش، کە ڕێگایەکیان نەهێشتووەتەوە.
دیمەنی هەڵپڕووکاوی ئازاد و فەرهاد، تابلۆیەکی ئاشکارە لە بێ شەرمی کاربەدەستان، ئەگینا چۆن ئەکرا ڕۆژێک بێت کە تەرمی ڕۆڵەکانی گەل لە بەرنان و بێدەرەتانی وەها ببینرێ.
ئەوەی لە نێوان ئەو ماتەمەی کە شاری داپۆشیوە، تروسکاییەک ئەخاتە نێو دڵانەوە، دیسان خرۆشی پڕ لە هەستی جەماوەر بوو. چ لە کاتی گەڕاندا و چ لە کاتی ئەسپەردەی ڕۆڵەکانیان. ئەوەی وەک بەڵگەیەکی زێڕینی دیکە خۆی نواند، ئاستی بەرپرسیارێتی گەل بوو لە ئاست کارەساتدا. یەک دڵی و یەک دەستی خەڵک بوو لە هەورامانی هەمیشە سەربەرزەوە تا نێی خۆڕاگر.
ئێمەیش وەک ئەنجومەنی سەوزی چیا، وێڕای ئەمەگناسی لە ئاستی هەنگاوی تاک بە تاکی ئەو ئازیزانەی کە یاریدەری دۆزینەوەی تەرمی فەرهادی ئازیزمان بوون، سەربەرزین بەو خرۆشەی پرسانە و ئەسپەردە کە بە هیممەتی گەلەوە بەڕێوە چوو.
چیا وەک ئەندامێکی ئەم کۆمەڵگا پڕ شانازییە، خۆی بە خاوەن پرسە ئەزانێت و لە خوای گەورە داواکارین چی دیکە خەمی وا بە سەر هیچ کەسێکدا نەیەت و دونیایەک بونیاد بنرێت پڕ لە بەختەوەری و سەربەرزی کە تێیدا خەمی لاو و مێرمنداڵان، سەرکەوتوویی خۆزیاکانیان و سەربەرزی زیاتر بێت نەک نان.
ئەنجومەنی سەوزی چیا
لێدوانێک بنووسە