ژینگە لە ڕوانگەی ئیسلامەوە … یان ئیسلام لە ڕوانگەی ژینگەوە ؟!
24 كانونی یه‌كه‌م 2019 - 7:47
ناسنامە : 1594
سەردان 2151
پ
پ

ژینگە لە ڕوانگەی ئیسلامەوە …
یان ئیسلام لە ڕوانگەی ژینگەوە ؟!

?وەک ئەڵێن ژینگە دایکی هەموو شتێکە و هەموو شتێکی مرۆیی، لە باوەشی ژینگەدا پەروەردە ئەبێ . هەر دینێک و هەر مەکتەبێک و هەر ئیسمێک وەک تۆمی گەنم و جۆ ، پێویستە مرۆڤ ببێ و مرۆڤیش پێویستە شوێنێکی بۆ ژیان هەبێ ، تاکو ئێمە ئەو تۆمەی لە دڵا بچێنین . ئەمە شتێکی بەدیهی و ئاشکار و ڕوونە . بەڕاستی زۆر سەختە قسە لە شتی بەدیهی و ئاشکراوە بکرێ کاتێ هەموو کەس ئەیناسێ و ئەیزانێ و بە تۆزقاڵێ بیرکردنەوە پێی ئەگات . بەڵام من لەسەری ئەنووسم. ئەنووسم کە ژینگە نەبێ ، نە مرۆڤ هەیە و نە هیچ دین و ئایینێک. (بێ گومان هیچ مەکتەب و فەلسەفە و زانستێکیش بوونی نییە بەڵام لێرا قسە لە ئایین ئەکەم و بەتایبەت ئایینی ئیسلام). بڕێکیش لەوانەیە ئەمەیان پێ واتا نەکرێتەوە و وا بزانن کاتێ قسە لە ژینگە ئەکرێ کۆمەڵێ مرۆڤی لاییک قسەی لێوە ئەکات کە باوڕیان بە خوا نییە و بۆ دژایەتی ئایین باس لە ژینگەوە ئەکەن . بەڵام بۆ چارەسەری ئەمەش ئیستڵاحی قورئانییەکەی بەکار دێنم کە ئاسمان و عەرزە.
ئاسمان و عەرز وەک ئەمانەتێکی ئیلاهی دراوەتە دەستی مرۆڤ و بەتایبەتی تر موسڵمان.
ئەمەش هیچ گومانێکی تێدا نییە و کەسێکی موسڵمان لە موقەددەماتی ئایینەکەیدا و لە پێشەکی ئیمان هێنانی دا ئەمەی پێ وتراوە و ئەمەی دەرک کردووە.
بەڵام پێویستە بزانین بۆ؟ پێویستە بزانین ئەم شتە بەدیهی و ڕوون و ئاشکرا بۆ وایە؟
ساکارترین دەلیل و بەڵگە ئەوەیە کە مەڵبەندی ئینسان دوو شوێنە و قورئان بە جوانی بۆی باس کردووین کە مرۆڤ پێویستی بە”شوێن” هەیە، پێویستی بە مەکان هەیە و تەنها خوا شوێن و مەکانی بۆ نییە. واتە ئێمە ساحێبی جیسم و جەستەین کە ئەبێ ئەم جیسم و جەستەیە فەزایەک و مەکانێک ئەشغاڵ بکات، واتە داگیری بکات و لە مەکان و شوێنێکدا قەرار بگرێ.
ئەم شوێن و مەکانەش لە سەرەتای خیلقەتی مرۆڤدا، بەهەشت بوو. واتە حەزرەتی ئادەم، سەرەتا لە بەهەشتدا قەراری گرتبوو کە دواجار لەبەهەشتەوە دێتە سەر عەرز. لەبەهەشتەوە ناچێ بۆ “ناشوێن” یان ” لامکان “، بەڵکە دێتەوە شوێن و دێتەوە سەر عەرز، تاکو دووبارە هەمان بەستەر و مەکانی ببێ بۆ ئەوەی بژی و ژیان بکا و لە ژیانیشەوە تەکلیف ڕووی تێبکا و دەستووراتی ئیلاهی پێڕەو بکا.
کەوایە؛ خوای تەعالا کاتێ پێش ئەوەی مرۆڤ درووس بکات، شوێنی ژیانی بۆ دابین کردووە. سەرەتا بەهەشت و دواجاریش عەرز و عالەمی خاکی، یان عالەمی ناسووت و عالەمی خەلق و عالەمێکی تر بێجگە لە عاڵەمی باڵا. ـــ ئەمانە هەموو تەعبیراتی قورئانین ـــ.
هەروەها ئەبێ ئەوە بزانین کە چیتر لە بەهەشتدا مرۆڤ موکەللەف نییە . لێرە لەسەر عەرزدا و لەم دونیا خاکییەدایە کە مرۆڤ موکەللەفە و تەکلیفی لێ ئەکرێ. کەوایە دووبارە پێش پەیدا بوونی هەموو ڕیسالەتە ئیلاهییەکان و پێش پەیدابوونی دین و ئایین، ئێمە ئەبێ بزانین ئەگەر دونیا نەمێنێ ــ واتە ژینگە نەمێنێ ــ چیتر تەکلیفیش نامێنێ . دین و ئایین نامێنێ و ئیدی قیامەتە و هەموو دەستوور و تەکلیفێک ئەپێچرێتەوە.
بە کورتی ئەم شتە بەدیهیانەم باس کرد کە لە بەدیهیاتی مەنتقی کەلامی و عەقڵی و ئیسلامی ئێمەن، لەبەر دوو هۆکار ؛
?یەکەم ئەوەی کە ئەبێ بزانین پاراستنی دین و ئایین ، بە بێ پاراستنی ئاسمان و زەوی ـــ وەک وتم بە بێ پاراستنی ژینگە ـــ هیچ واتا و مەفهوومێکی نییە و ئەگەر ژینگە نەبێ مرۆڤ نییە و مرۆڤ نەبێ ئیسلام نییە و ئایین نییە . ئیسلام بۆ مرۆڤە و یەکەم شەرتی تەکلیف ، ژیانە . کاتێ مرۆڤ نەبوو بژی ، تەکلیف چۆن ڕووی تێ بکات و تەکلیف ڕوو لە چی بکات ؟!
?دووهەم هۆکار ئەوەیە ؛ وانەزانین ئیسلام زۆر شتی تێدایە سەبارەت بە ژینگە پارێزی ، ئیدی ئەمە فەخر و شانازییە بۆ ئیسلام . نا ، فەخر و شانازی بۆ ئیسلام ئەوەیە بڕوانین موسڵمانەکان چەندە خۆمان بە بەرپرس ئەزانین و چەندە خۆمان بە مەسئوولی ئەم دەسکردەی خوا ئەزانین . ئیسلام ئایینێکی زۆر فرە لایەن و فرە بەربڵاوە کە ئەتوانێ ئێمەی موسڵمان بە باشترین شێوە ئیدارە بکات . بەڵام کاتێ ئێمەی موسڵمان دەستوور و بەرنامەکانی ئیجرا بکەین . نەک تەنها ئەوە کە بێژین: پێغەمبەر ــ ص ــ ئاسکی نەجات داوە و فەرموویە ئیسراف مەکەن و … ئیمام ئەبوهورەیرە بە بۆن پیشیلەیەکەوە ئەو لەقەبەی وەرگرت و ئیمامی عومەر وای فەرموو . ئەمانە شانازین بۆ گەورە پیاوانی ئیسلام و بۆ موسڵمانانی پێش ئێمە .
شێخ سەعدی واتەنی :
“عاشقم بر همە عالم ، کە همە عالم ازوست “.
بەڵام ئەگەر ئێمە نەتوانین ئەم دەسکردەی خوا و ئەم ئەمانەتە ڕادەستی نەوەی داهاتوو بکەین ، وەک ئەم ئایەتە ئەفەرمێ :”لم تقولون ما لا تفعلون” تەنها وتنەوەی ئەم شتانەمان بۆ ئەمێنێتەوە و هیچی تر . ئیدی ناتوانین ئەو پاکی ئیسلامە و ئەو پرۆگرامە بەسوودەی پیادە بکەین و ئەمێنێتەوە تاریف و قسەی بێ عەمەڵ و ” داشتم. داشتم “ـی بێ سوود …

” مەلای ئایینی سوهەیب عەلی “

لێدوانێک بنووسە

  • ئەو لێدوانانەی نێردراو لەلایەن ئێوە لە ماڵپەڕ پاش پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەر بڵاوئەکرێتەوە.
  • ئەو لێدوانانەی کە بوختان یان ناوزڕاندنی تێدایە بڵاو ناکرێتەوە.