پ
پ

هاونیشتمانی بەڕێز، خەڵکی بەشەرفی کوردستان، ژینگەپارێزانی تێکۆشەر!
ئاگادار کراوینەتەوە کە ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “وڵات” بۆکان لە لایەن بڕێک لە بەربەرپرسانی بیرتەسکی بۆکان هەڕەشەی سڕکردن و بەستنی نووسینگەکەیان لێ کراوە.
خەڵکی بۆکان و هەموو چالاکانی ژینگەپارێزی ناوچەکوردنشینەکان بێ ئاگا نین لەوەی کە ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “وڵات” بۆکان، ماوەی نزیک بە چوار ساڵە بە یارمەتی لاوانی خۆبەخش، خزمەتێکی دڵسۆزانە و هوشیارکەرەوەیان لە بواری ژینگەپارێزیدا ئەنجام داوە و بۆ بەرگری لە وێرانی و خەساری زۆرتر لە سەر ژینگە و چارەسەری کێشە ژینگەیەکان، بە تایبەت لە دەڤەری بۆکان هەوڵێکی زۆریان داوە و بە سەرنجدان بە بارودۆخی قەیراناوی ژینگەی وڵات، ئەو پەڕی دڵسۆزییان نواندوە و کاریگەرییەکی بەهێزیان لە سەر پاراستنی ژینگە بووە.
لە لایەکی دیکەوە ئاگادارین کە ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “وڵات” بۆکان، بەشێکە لەو رێکخراوە سەربەخۆ و خەڵکییانە کە گەشە و چاکسازی و پێشکەوتنی هەمەلایەنەی کۆمەڵگا و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی بە بێ ئەوان سەقەت و ناتەواوە. دیارە تەنیا ئەو وڵاتانە رێگای داهاتوویەکی رووناک و ئاوەدان و ئازاد و پڕ لە ئاسودەیی دەپێون کە چالاکیی رێکخراوەی خەڵکی و شارستانی و کۆمەڵایەتی سەربەخۆ و بە تایبەت ئەنجومەنە ژینگەپارێزەکان تێیدا مسۆگەر و دڵنیا کرا بێت و یاسا و رێساکان و بەرپرسانی ئیداری و دەوڵەتی بەرگری لە چالاکییەکانیان نەکەن و بگرە رێخۆشکەری هەوڵ و دڵسۆزییەکانیان بن و هاوکارییان بکەن.
بە سەرنج دان بەو بابەتانەی سەرەوە؛ ئەنجومەنی سەوزی چیا مەریوان، هەر جۆرە گوشار و سڕ کردن و بەرگرییەک لە چالاکییە دڵسۆزانەکانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “وڵات” بۆکان، لە لایەن هەر بەرپرس و ئیدارەیەکەوە بێت بە توندی ئیدانە دەکات و ئەوپەڕی پشتیوانی و هاوکاری خۆی بۆ هەوڵ و چالاکییە ژینگەپارێزییەکانی ئەم رێکخراوەیە ڕادەگەیەنێت.

ئەنجومەنی سەوزی چیا

لێدوانێک بنووسە

لێدوانەکان داخراون.