ئەگەرچی لە هەنگاوی یەکەمی ناسینەوەی دۆخی نوێی دونیاداین و ئەستەمە کاردانەوەی گشتی “ڤایرۆسی کرۆنا” لە سەر ژیان و هزر و کردەی کۆمەڵگا شرۆڤە بکرێت،
بەڵام لەم دەسپێکەی گشتگیر بوونیدا سەلماندی کە ئەو شتانەی مرۆڤایەتی پێکەوە گرێ ئەدات زۆر زۆرترن لەوەی دیمانە ئەکرا و چیتر ئەبێ وشیارتر بڕوانین بە کردەوەی تاکەکانیشدا بەرانبەر بە سروشتی دایک و نەهێڵین زامەکانی قووڵتر ببنەوە.
هێڵی سووری مرۆڤ چیتر نە شێوە زار و جۆرە باوەڕ کە کردەوەی نالەباریە بەرانبەر ژینگە و چ هێمایین سەلمێندرا کە چەندە مرۆڤ لەخۆبایی بێت لە بەرابەر چکۆلەترین شتەکانی سروشتدا هیچ نییە و چ سانا هەموو ژیانی مرۆڤ لە چرکە ساتێکدا ئەهەژێت.
لە سەرەتای هاتنی ئەم نەهامەتییە بۆ ئەم دەڤەرەی خاکی وەک گەوهەر و ئاوی وەک کەوسەر، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشا، سینگی ئاوەڵای ژیانبەخشان بوو و هەنگاوی پتەو و بەرزداگریان کە هێڵی یەکەمی بەرگرییان کرد بە هێلانە و دیسان سەلمادیان ژیانی ئەم نیشتمانە پڕاوپڕە لە قارەمان و نەبەز.
چ وشیارانە هەڵمەتی ژینگەیی ” دێتەکانی” وەک یادگاری شەهیدانی ژینگە دیسان بوو بە چەترێ لە بەرگری.
ئازیزان، ئەندامان، ژینگە پارێزان و ژیانبەخشان:
ئێمە وەک ئەنجومەنی سەوزی چیا سەربەرزین کە لەم قۆناغەی بەرگریدا دیسان وەک خزمەتکارێکی خەڵکی و وەک هێزی ماندوونەناسی نیشتمان ئەرک و چالاکیمان بۆ گەنبڕکردنی ئاواییەکان هەڵسووڕاند دەستی ماندوونەناستانی یەکە بەیەکەتان توند ئەگووشین و هاودەنگ لە گەڵ مرۆڤایەتی سەردەمدا داواکارین گوێڕایەڵی ئامۆژگارییە زانستیەکان بن تا بە یاری خوای گەورە ئەم قۆناغەیش بە سەرکەوتوویی ببەینە سەر.
دڵنیاین نیشتمانێ ڕۆڵەی وەک ئێوەی لە داوێندا گەورە بووبێت، سەربەرزە و پارێزراو.
کومیتەی دێکانی ئەنجومەنی سەوزی چیا
نەورۆزی ۲۷۲۰
لێدوانێک بنووسە