بیست و یەکەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی چیا
17 ئایار 2020 - 23:21
ناسنامە : 2600
سەردان 155
پ
پ

بە ناوی بەرزە ناوی دڵاوای دڵانڤان

ژینگە پارێزان، هۆگرانی سروشت و ئاشقانی ژینگە و ژیانی وڵات!

لە کاتێکدا پێ ئەنێینە بیست‌ودووهەمین ساڵی ژیانی چیاوە کە دەستی گەندەڵ و خائین بەم نیشتمانە نراوەتە بینەقاقەی وڵات و لە خەونی خنکاندنیدایە. ئاگر نەیتوانی چۆک بە خێڵی بەرگران دابدات. ناحەزان هەر ساڵێک بە شێوازێک هەنگاو ئەنێن و وا دیارە هاتوون ئەوەی هۆزی بەڕبەڕ و مەغوولان نەیانتوانی بیکەن، بیگەیەنن بە ئەنجام و تا نەیکەن بە بیابان و لم واز ناهێنن. بە داخەوە ئەم جارەیان دەسەی تەوریان لە بەڕوارەکانی خۆمانە و بست بە بستی وەتەن لە زریکە و هاواری خاشەبڕکردندایە. هەر جارە و هەرەسێک لە تاریکی بەڕێ ئەکەن و ئەوەی پێویست بووە بۆیان کراوە مەبادا لە کاولکارییاندا ساتێک نکوڵی بکەن و تاڵی ببینن، بەڵام مێژووی ئەم دەڤەرە وا دیارە ناناسن و نازانن چەندە پڕ چەکتر بن، زۆرتر کچان و کوڕانی وڵات ئەکەونە خرۆش. ئەوڕۆ ئەم نیشتمانە پڕە لە دەنگی خرۆشی ژینگەپارێزان. دڵی ماڵ بە ماڵ و تاک بە تاکی ئەوانەی خوێنی شەرەف لە دەماریاندایە بۆ تاقە گەڵای لە ناحەق هەڵوەریوی دارستان لێ ئەدات و لە هەموو لایەکەوە دەست لە ناو دەست وەستاون تا هەمووان بزانن ڕەوتی پاراستن بە هێزتر لە هەمیشە لە مەیدانی خەبات و چالاکی کۆمەڵایەتیدایە.
ئێمەیش وەکوو چیا دیسانەوە سۆز و خۆشەویستیمان بەرانبەر هەموو چەمکەکانی پاراستن و گەشەی ژینگە دووپات ئەکەینەوە و بەڵێن ئەدەین تا دوا ساتەکانی ژیان لە سەر ڕێگای ئاوەدانی هەنگاو بنێین کە بە خوێنی شەهیدانمان ڕووناک کراوەتەوە و دڵنیاییش ئەدەین تا دوا هەناسە پێشگر بین بە کاولکاری و پێشەنگ بین بۆ ژیانەوەی ژینگەی نیشتمان.

بە بۆنەی بیست و یەکەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی چیایشەوە سڵاو و ڕێز و حورمەتمان ئاراستەی هەموو چالاکانی سەرکەوتووی کۆمەڵگا ئەکەین بە تایبەت ژینگەپارێزانی دۆستی ڕاستەقینەی سروشت. چیا تا ئەو ڕۆژەی ژیانی مرۆڤ تێکەڵاوی پاراستنی هەمەلایەنەی سروشت ئەبێ قەرزاری دار و باڵندە و کانیاوەکانی نیشتمان و هەموو گۆی زەوینە. نەوەستاوین و بە هێزتر لە هەمیشە ڕێگا ئەبڕین کە داهاتوو ڕووناکە و ئەندێشەی سەوزمان ڕێبەر.

ئەنجومەنی سەوزی چیا
گوڵانی ٢٧٢٠

لێدوانێک بنووسە

  • ئەو لێدوانانەی نێردراو لەلایەن ئێوە لە ماڵپەڕ پاش پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەر بڵاوئەکرێتەوە.
  • ئەو لێدوانانەی کە بوختان یان ناوزڕاندنی تێدایە بڵاو ناکرێتەوە.