زاگرۆسانە
23 تشرینی دووه‌م 2020 - 16:07
ناسنامە : 2731
سەردان 216
پ
پ

 

ئەم نیشتمانە بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە

زاگرۆس ئەو بەشە لە گۆی زەوییە کە بە درێژایی مێژوو شوێنی نیشتەجێ‌بوونی مرۆڤ بووە و بە گوێرەی توێژینەوە و هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان ژیانی سەردەمیانەی مرۆڤ لەم شوێنەوە دەستی پێکردوە، بێگومان جۆگرافیا و ژینگەی زاگرۆس هۆکاری سەرەکی ئەم ڕووداوانەیە.

بەداخەوە ساڵانێکە دەستی ڕەشی کاولکار کەوتۆتە گیانی ژینگەی زاگرۆسی دێرین و دەیهەوێ هەر بە تەواوەتی لەناوی ببا و کارەساتێک بخولقێنێت، سووتاندن و بنەبڕ کردنی دارستانەکان یەک لەو برینانەیە کە خراوەتە سەر جەستە زامداری زاگرۆس.

ژینگەپارێزان وەک پێشڕەوانی پاراستنی ژینگە سەرەڕای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەیارانی ژینگە و قەیرانەکانی زاگرۆس، هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ بووژاندنەوەی ئەو دارستانانەی کە کەوتوونەتە بەر تەور و ئاگری کاولکارەوە.

بەڕوو وەک هێمایەکی بەنرخی نیشتمان، ساڵانێکە زاگرۆس‌نشینەکانی پاراستوە و ئێستا کاتی قەرەبوو کردنەوەی ئەو هەموو میهرەبانییەیە.

زاگرۆسانە هەڵمەتێکی ژینگەییە کە رێکخراوە ژینگەپارێزیەکانی زاگرۆس ماوەی سێ ساڵە بە ناشتنی دنکە بەڕوو بۆ بووژاندنەوەی دارستانەکان و پەرەپێدان بە کەلتووری ژینگەپارێزی و هەروەها درێژەدانی رێگای “شەهیدانی ژینگە” لە هەموو شوێنەکانی زاگرۆس بەڕێوەی دەبەن.

ئێستا لە سێهەمین ساڵی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی زاگرۆسانە بە بەشداری ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان و گرووپە شاخەوانییەکان دەسپێکردنی ئەمساڵی زاگرۆسانە ڕادەگەیندرێ و داواکارین چ وەک تاک یان گرووپ لە هەموو شوێنێکی زاگرۆسی نیشتماندا بە ناشتنی دنکە بەڕوو دەستێکی سەوز بن بۆ ئاوەدان کردنەوەی دارستانەکان.

زاگرۆسانە

3 تا 14 سەرماوەزی 2720

 

لێدوانێک بنووسە

  • ئەو لێدوانانەی نێردراو لەلایەن ئێوە لە ماڵپەڕ پاش پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەر بڵاوئەکرێتەوە.
  • ئەو لێدوانانەی کە بوختان یان ناوزڕاندنی تێدایە بڵاو ناکرێتەوە.