پ
پ

بەناوی مەزن یەزدانی دڵاوای دڵانوان

ژینگەپارێزان، هۆگرانی سروشت و ئاشقانی ژینگە و ژیان
ئەمڕۆ 28ی گوڵان، هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجومەنی سەوزی چیا

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بوو کە بڕیاری مێژینەی پۆلێ لە لاوانی بە هەستی ئەوکاتەی ناوچەی مەریوان، دەست لەناو دەست دەنێن و ئەنجومەنێکی ژینگەپارێزی بۆ خزمەت بە ژینگە و ژیان دادەمەزرێنن کە ئەمڕۆ پێ ئەنێینە 23ساڵەی تەمەنی پڕ هەوراز و لە هەمان کاتدا پڕ شانازی بۆ خزمەت بە ژینگەی نیشتمان و لەم پێناوەشدا دوو لە ئازیزترین ڕۆڵەکانی خۆی پێشکەش کردووە.
لە کاتێدا ئەم یادە مەزن و پڕ شکۆیە ئەکەینەوە کە دەستی گەندەڵ و خائین بەم نیشتمان وسامانە هێشتا خەریکی کاولکاری و بنەبڕ کردنی سەروەت و سامان و دارستانی ئەم وڵاتەن.
وادیارە هاتوون ئەوەی هۆزی مەغوولان و بەڕبەڕ پێیان نەکراو و نەیانتوانی بیکەن و تا نەیکەن بە بیابان و لم واز نەیەنن.
تەورە خۆمانەکە، کە کەوتۆتە گیانی دارستان و سامانی نەوەی ئێستا و ئامانەتی داهاتوو، بوونەتە هۆی زریکە و لەناو بردنی بست بە بست و خاشەبڕکردنی هەموو پیرۆزییەکان و لە هیچ هەلێک بۆ لەناو بردن و قاقڕکردنی دار ودەوەن، وشک کردنی چەم و کانی سڵ ناکەن و ئەوەی بۆیان کراوە درێغیان نەکردووە.
بەڵام کاولکاران مێژووی ئەم دەڤەرە ناناسن و نازانن، تا ئەوان خەریک بنەبڕ و لەناو بردن بن، کچان و کوڕانی وڵات زیاتر ئەکەونە خرۆش و ئەمڕۆ ئەم نیشتمانە پڕە لە دەنگی بەرز و دلێری ژینگە پارێزان.
هەستی تاک بە تاکی ئەوانەی خوێنی شەرەف لە خوێنیاندایە، دڵی هەموو ئەویندارانی ئاوەدانی بۆ گەڵا بە گەڵای لە ناحەق هەڵوەریوی دارستان لێ ئەدات و هەمووان دەست لەناو دەست و شان بەشان وەستاون تا هەمووان بزانن ڕەوتی پاراستن بەهێزتر لەجاران لە مەیدانی خەبات و چالاکیی کۆمەڵایەتیدا هەر بەردەوامە.
ئێمە وەکوو ئەنجومەنی سەوزی چیا سۆز و خۆشەویستیمان بەرانبەر بە هەموو هەوڵ و ماندووبوونێک بۆ هەرتاک و ڕێکخراوەیەک کە هەوڵی بۆ پارستن و پەرەپێدانی بیر و هزری ژینگە پارێزی کردووە دەردەبڕین.
بە بۆنەی بیست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەنجومەنی سەوزی چیا سڵاو و خۆشەویستیمان ئاراستەی هەموو چالاکانی سەرکەوتووی کۆمەڵگا دەکەین، بەتایبەت ژینگە پارێزان-ی دۆستی ڕاستەقینەی سروشت.

ئەنجومەنی سەوزی چیا بەڵێن تازە دەکاتەوە تا ئەو ڕۆژەی ژیانی تاک بەتاکی مرۆڤەکان تێکەڵاوی پاراستنی هەمەلایەنەی سروشت ئەبێ، خۆی بە قەرزداری دار و و کانیاوەکانی نیشتمان ئەزانێ و تا گەیشتن بە عەقڵییەتی مرۆڤی ژینگە پارێز بەهێزتر لە جاران ڕێگەببڕێ و داهاتووی ڕووناک بکاتەوە بە چرای ئەندێشەی سەوز

ئەنجومەنی سەوزی چیا
28ی گوڵانی2721ی کوردی

لێدوانێک بنووسە

  • ئەو لێدوانانەی نێردراو لەلایەن ئێوە لە ماڵپەڕ پاش پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەر بڵاوئەکرێتەوە.
  • ئەو لێدوانانەی کە بوختان یان ناوزڕاندنی تێدایە بڵاو ناکرێتەوە.