به ناوی بەرزە ناوی دڵاوای دڵانوان
بە کام وشە، کام ڕەستە و کام قەڵەم ئەم زامە تازە بنووسینەوە. زامی ڕێگایەک ئەیویست هاوار بێ.
زامی ڕێگا و کارەسات.
ڕێگایش چیتر ئەم زامە هەڵناگرێ، حەز ناکا جادە بێت و لە کوردستان بژی، حەز ناکا ڕێگا بێت و ڕێ بگرێت.
هەواڵی وەرگەڕانی کاروانی پڕ هەڵوێست لە شاخەوانانی چیا کە ئەیانویست لە ئارباباوە دەنگ هەڵبڕن بۆ دارستان، هەموو هەوڵ و
هەموو دەنگ و
هەموو جووڵەیەکی ڕاوەستان، بێ دەنگ و کپ، هەمووی ڕاگرت.
پەیامێکیان پێ بوو ئەیانویست هەڵیبڕن.
تابلۆیەکیان پێ بوو ئەیانویست نیشانی بەن.
کە چی!
خۆیان بوون بە زرنگانەوەی دەنگێکی مێژینە کە لە ناخدا دیلە و نایەتە گۆ.
بوون بە تابلۆیەک ، سەرنج ڕاکێشتر.
بوون بە هاوارێک کە هەموو سنوورێکیان شکاند.
ئەگرا کوردستانە و
ڕێگا درووس کراوە بۆ ڕێگرتن،
داخراوە بۆ نەهێشتن، بۆ چوون و نەگەیشتن.
ڕێگا نەهاتە و نەهات.
مێژووی ئەم دەڤەرە پڕاوپڕە لە هاواری نەگەیشتوو، دەنگی نووستوو و
بزەی دزراو.
لێرە تەنانەت جادەش، ڕێگا نییە، وەکوو دوونیا ڕەش نین، لەگرا جادەکانیش سوورن سوور.
لەم نیشتمانە ماندووەدا، زام بە زام تیمار ئەکرێ، دەرد بە دەرد ئەسڕێتەوە و خوێن بە خوێن ئەشۆردرێتەوە.
چووبوون بڵێن «خوایە وەتەن ئاوا کەی».
چووبوون بڵێن ئیتر بەسە دارسووتان و بڕین،
کە چی!
وێرانی ئەم دۆخە سەپێندراوە قووڵتر بوو لە گەیشتن، لەوەی بگەن بۆ وتن.
«ئەوەتەی کۆچ هەیە، کۆچ ئەکەم
ئەوەتەی گڕ هەیە، ئەسووتێم
ئەوەتەی ئاو هەیە، ئەخنکێم»
ئەوەتەی جادە هەیە، ناگەم
ئەوەتەی چاو هەیە، نابینرێم
ئەوەتەی گوێ هەیە، نابیسرێم.
من وڵاتێکم پەراوێز خراو، گیرخواردووی بڕین و کوشتن و دواخراوەیی.
ئەوەتەی ڕۆڵەم هەیە، ڕۆڵەڕۆم.
ژینگەپارێزان، وەرزشوانان، کۆمەڵگای مەدەنی، هۆگرانی سروشت و هاوڵاتیانی ئازیز!
دیسان هەواڵی کۆچی دوایی چوارکەس لە ئەندامان و کەژوانانی تیمی شاخەوانی کە بە ڕێوە بوون تا لە ئاربابای سەربەرزەوە، هاودەنگ و هاوشان لە گەڵ ئازیزانی پاژینی بانە، ببن بە هەڵوێست و هێمایەک بۆ بەرگری و نەهێشتنی ئاگری دارستان، دڵ و دەروونی تێکەڵ بە ماتم کرد.
«دیسان سەر واز کەرد دڵەی پڕ هوونم»
خاتوو شوعلە قادری، کاک کاوە خوسرەو زادە، کاک داوود باخیش و کاک ئارشام عەزیزی چوونە ڕیزی ئەستێرە گەشاوەکانی ئاسمانی ژینگەپارێزی و بوون بە چوار چرای ڕێگایەک
کە ئەبێ ببڕێ.
ڕاستە شاخ بە شاخی نیشتمان سەرەخۆشی لە یەکتر ئەکەن بەڵام هۆزی بەرگران وەکوو سیروان، وەکوو سەیمەرە و زاپ و فورات لە خرۆشدان و بە گەیشتن نەبێ، ئارام ناگرن، بە ڕێوەن و بە سەرکەوتن نەبێ، ڕاناوەستن.
ئێمەیش وەکوو چیا، خۆ بە پرسە گێڕ و بنەماڵەی ئەو ئازیزانە ئەزانین کە سەرلەبەیانی ڕۆژی جومعە، ڕۆحی بێگەردیان بەرەو یەزدانی گەورە ڕاکێشدرا و لە خوا داواکارین ئاخری خەم و ئاخری پەژارە بێت. داواکاری سەبووری بدات بە بنەماڵەی ئەو ئازیزانە و سەلامتی بدات بەو هاوڕێیانەی ترمان.
ئەو سوارچاکانەی لە ڕێی ئاوەدانی، سەربەرزی و ژیانەوەدا هەنگاویان نا، تا کۆتایی ژیانی ئەم وڵاتە لە بیر ناکرێن و «نامرن ئەوانەی لە دڵی میلەتا ئەژین».
بە دواساتی فڕینی هەتاییتان، بەو کاتەی تێکەڵ بە خێڵی ئاشقانی ژیان و ژینگەی وڵات بوون، بەر نادەین ڕێگا با قاقڕیش بێ، بەر نادەین هەنگاو با سەخڵەتیش بێ و بەر نادەین ئەو باوەڕەی ئێوەی لە سەر بوو.
ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان
ئەنجومەنی پاژین بانە
14جۆزەردانی 2721ی کوردی
لێدوانێک بنووسە