پەیامی پاڵپشتی ڕێکخراوە مەدەنیەکانی مەریوان بۆ هەڵویستی ئەنجومەنی سەوزی چیا
✅ بۆ ڕای گشتی…
هەر وەک ئاگادارن ئەنجومەنی سەوزی چیا بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندەنێک بۆ ڕای گشتی، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی لە هەمبەر بەرپرسان و دەسەڵاتداران و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی مەریوان و کاربەدەستانی ژینگە و سروشت، هەڵوێستی خۆی بۆ بەشداری نەکردن لە کۆژاندنەوەی ئاگری
دارستانەکان و تاڵانکاری سروشت و ژینگە دەربڕیوە، پێوایە پاراستنی ژینگە و دارستان و کۆژاندنەوەی ئاگرەکان ،بە پلەی یەکەمی ئەرکی دەسەڵاتە، پێویستە ئەوان بەرپرسیاری خۆیان لەم بوارەدا بە جێ بهێنن.
🔹 ئێمە وەک رێکخراوە مەدەنیەکانی مەریوان،ڕاشکاوانە پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم هەڵوێستەی هاوڕێیانی چیا دەرئەبڕین، ڕێز و پێزانین بۆ ئەرک و ماندوو بوون و تێکۆشانیان پێشکەش ئەکەین. پێمان وایە ئەنجومەنی سەوزی چیا لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیە، هیچ جۆرە خەبات و هەوڵ و تێکۆشانێک بۆ پاراستنی ژینگە کۆتایی نەکردووە.
🔹 لەم پێناوەدا ئازیزان و تێکۆشەرانی بیری سەوز، هەرچەندە ڕووبەڕووی گەلێک هێرش و هەڕشە و گرتن و زیندان بوونەتەوە، بەڵام سەربەرزانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانیان پاشەکشەیان نەکردووە و ئەم زەختانە نەیانتوانیوە کاریگەری نیگەتیڤ لە سەر ورە و ئیرادەیان دابنێ.هەر لە سەر درێژەدان بە ڕێبازەکەیان،ئەنجومەنی سەوزی چیا، باشترین ڕۆڵەکانی شەهید بوون و زوورترین هەزینەی داوە.
🔹ئێمە وەک کۆمەڵگای مەدەنی مەریوان، ڕێز ئەگرین لە هەر بڕیارێک کە دەستەی بەڕێوەبەر و ئەندامانی چیا بیگرن.
هەر لەم سۆنگەوە بە توندی ڕەخنە ئەگرین لە دام و دەزگا حوکمیەکان و دەسەڵاتی لۆکاڵی ئەم شارە، لەو بڕوایەداین کە بەرپرسانی ئەم شارە هەرگێز ئەرکی خۆیان لەم بوارەدا جێبەجێ نەکردوە، بە هۆی نەبوونی هەستی وڵات دۆستی و ژینگە پارێزی،گەندەڵی و ڕانت ،کەمتەرخەم بوون بە شێوەیەکی جدی بۆ پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەمان خەمخۆر و خاوەن هەڵوێست نەبوون و هەنگاوی جدیان هەڵنەگرتووە.
🔹کۆمەڵگای مەدەنی مەریوان بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی کاول کردن و بڕین و سووتاندنی دارستانەکان داوای هەڵوێستی جدی لە هەموو هاوڵاتیان و ژینگە دۆستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەکات، پێوایە پاراستنی سروشت و ژینگە، تەنیا ئەرکی ڕێکخراوە ژینگە پارێزەکان نییە بەڵکوو ئەرکی تاک بە تاکی کۆمەڵگایە،بە تایبەت لە وڵاتێکدا کە کاربەدەستان و بەرپرسان ئەرکی یاسایی و ئیداری خۆیان لەم سۆنگەوە بە جێ ناهێنن، لەم پێناوەدا هەر چەشنە هەڵوێست و ڕاکارێک بە مافێ سروشتی و یاسایی و حقوقی خۆمان لە ڕاستای وشیار کردنەوەی کۆمەڵگا ئەکرێ سوودی لێ بگیرێت. ئێمە هیوادارین ئەم هەڵوێستە و ئەم ڕاگەیاندنەی ئەنجومەنی سەوزی چیا، کاربەدەستان و بەرپرسانی ئەم شارە وشیار بکاتەوە تا ڕێکاری پێویست بۆ بەرگری و پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەمان پەیدا بکەن و هەوڵی کارا بدەن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ ئەو کەس و لایەنانە کە بە ئەنقەست ئاگر لە دارستانەکان بەرئەدەن و بیری تاڵانکاری ژینگەی ئەکەنەوە.
18گەلاوێژی 1401هەتاوی
شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان.
1.ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبی مەریوان
2.ئەنجومەنوو فەرهەنگی-ئەدەبیو ڕۆجیاری
3.ناوەندی فەرهەنگی-هونەری ڤەژین
4.ناوەندی زانستی -کولتووری ڕۆنان
5.ئەنجومەنی نمایەشی مەریوان
6.ئەنجومەنی ژیانەوە(بەرنگاریی مادە هۆشبەرەکان)
7.کانوونی سەڵامەتی ژین
8.ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان و سەوڵاوا
9.یەکیەتی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان(یەمامە)
لێدوانێک بنووسە