پ
پ

«نا بۆ هەر جۆرە توندوتیژییەک و بەڵێ بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یەکتری قەبووڵکردن»

هاونیشتمانیانی ئازیز! هەروەک ئاگادارن ئێمەی نەتەوەی کورد بە درێژایی تەمەنی خۆمان لە جوغرافیایەکدا ژیاوین کە فرەڕەنگیی فیکری و فرەزاراوەیی و فرەئایینی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە هەوێن و بەشێک بووە لە فەرهەنگ و تایبەتمەندیی نەتەوەییمان و تاکوو ئێستایشی لەگەڵ بێت کوردبوون و چارەنووسی هاوبەش لێکی گرێ داوین و وەکوو کۆلکەزێڕینەیەکی ڕەنگاوڕەنگ وێنا کراوین و ئەو فرەڕەنگی و جیاوازیانە نەبووەتە هۆی لێک دوورکەوتنەوە و هیچ پیلانێکی دوژمنانیش نەیتوانیوە لێکمان بترازێنێت و جودایی بخاتە نێوانمانەوە. بۆیە پێویستە نەوەی ئەمڕۆ و داهاتوویش بە هەموو فیکر و بۆچوونەکان و ڕەنگە جیاوازەکانیانەوە لەو کولتوورە جوانەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە دوور نەکەوێتەوە و بە یەکتر قەبووڵکردن و دژایەتی نەکردنی یەکتر بە ئاشتیانە درێژە بە ژیانی سەربەرزانەیان بدەن.

بەڕێزان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێز مامۆستا مادێح مەحموودی، ئیمامی جومعە و جەماعەتی تازاوای مەریوان، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرش کراوەتە سەری و ڕەفتارێکی توندوتیژانەی بەرامبەر کراوە و برینداریان کردووە، کە ئەم کارەساتە جەماوەری کۆمەڵگای کوردەواری دڵگران کردووە و ئێمەیش وەک ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان زۆر پێی بەداخین و دڵگرانیی خۆمان دەردەبڕین و ئەو کارە بە دوور لە ڕەوشت و فەرهەنگی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی کوردانە دەزانین و ئەو هەڵسوکەوتە و هەرجۆرە ڕەفتاری توندوتیژانەی لەو شێوازە کە مەریوانی تێوە گلاوە ئیدانە و مەحکووم دەکەین و هیوادارین قەت دووپات نەبێتەوە و مەڵبەندەکەمان بەرەو هەڵدێری ئەخلاقی نەبات. لێرەدا ڕووی ڕەخنەمان بەرەوڕووی دەسەڵات و کاربەدەستانی ئەم شارە دەکەینەوە و داوایان لێ دەکەین هەوڵی خۆیان بدەن بۆ نەهێشتنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و بنبڕکردنی ئەم چەشنە توندوتیژییانە. هەروەها پێویستە به کەڵکوەرگرتن لە ئامرازەکانی دەسەڵات ڕێگر بن لە ڕوودانی ئەم جۆرە ڕووداوانە و هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ پاراستنی گیان و ژیانی کەسایەتییە کۆمەڵایەتی، ئایینی و مەدەنییەکان کە سەرمایەیەکی بەنرخی کۆمەڵگەن.

شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان

۲۹ی گەلاوێژی ۱٤۰۱ی ک.هـ

1. ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان
2. ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیو ڕۆجیاری
3.ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین
4.ناوەندی زانستی – کولتووری ڕۆنان
5-ئەنجومەنی نمایشی مەریوان
6- ئەنجومەنی ژیانەوە (بەرنگاری مادە هۆشبەرەکان)
7-کانوونی سڵامەتی ژین
8-یەکیەتی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان
9-ئەنجومەنی سەوزی چیا

لێدوانێک بنووسە

  • ئەو لێدوانانەی نێردراو لەلایەن ئێوە لە ماڵپەڕ پاش پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەر بڵاوئەکرێتەوە.
  • ئەو لێدوانانەی کە بوختان یان ناوزڕاندنی تێدایە بڵاو ناکرێتەوە.