پ
پ

ئاوایی دەرەتفێ گوندێکی نمونەیی و هێمای پاراستنی سروشت و ژینگە و زرێبارە و گەشەی هوشیاری گشتی خەڵکی ئەم گوندە بۆ چالاکیە ژینگەییەکان بە روومەتی ئاواییەکەیانەوە ئەدرەوشێتەوە. لە دەرەتفێ، خەڵک دەیان هێلانەیان بۆ حاجی لەق لەقەکان ساز داوە و گوندەکەیان، یەکێ لە خاوێنترین ئاواییەکانی مەریوانە.
خەڵکی دەرەتفێ، چ وەک بەشێک لە لێژنەکانی ئەنجومەنی چیا و یا وەک کەسانی خۆبەخش، هەموو ساڵێک وەک تاک یا بە هاوبەشی بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی نیشتمانەکەمان، هەنگاوی گەورەیان هەڵگرتوە. بۆ نمونە داوودەرمانی ئاژەڵ و پەلەوەرە بریندارەکان، بەشداری لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان، دروست کردنی هێلانە بۆ لەق لەقەکان، دروست کردنی سەتڵی زبڵ بۆ کوجی و کۆڵانەکانی ئاوایی، خاوێن کردنەوەی چەم و رووبار و ئاوەڕۆکان، بەشداری چالاکانە لە ڕێوڕەسمی “دێ تەکانی” بۆ پێشوازی لە نەورۆز و …. بەشێکن لەو هەست و هوشیاریە ژینگەپارێزیەی خەڵکی دەرەتفێ.
لە درێژەی ئەو چالاکییە ژینگەپارێزیانەدا، خەڵکی دەرەتفێ؛ ئەمساڵ بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنگاوەکانەوە، بەشێ لە کەنارەکانی پەنگاوی زرێباریان خاوێن کردەوە و سەرنجی خەڵک و بە تایبەت ئەو بەرپرسانەی کە گرنگی نادەن بەم پەنگاوە، راکێشا.
کونوانسیۆنی نێودەوڵەتی پەنگاوەکان، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بیر و ڕای گشتی، ٢ی فوریە(١٣ی ڕێبەندان)ی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیهانی پەنگاوەکان دیاری کردوە و بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی تایبەت ڕێز لەم رۆژە دەگرێ.
رۆژانی هەینی و شەمە ١٢ و ١٣ی رێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەشێ لە کەنارەکان و ئەو چەمەی کە لە ئاوایی دەرەتفێ وە ئەرڕژێتە زرێبار لە لایەن خەڵکی ئەم ئاواییەوە خاوێن کرایەوە.
ئەم هەڵمەتە لە کاتژمێری ٢ی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و دۆستانی ژینگە لە ئاوایی دەرەتفێ، بە یادکردنەوە و ڕێزلێنان و بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی رێگای ئاوەدانی وڵات و سروشت و ژینگە، دەستی پێکرد و زبڵەکانی بەشێک لە کەنارەکانی زرێبار کۆکرایەوە و لە رۆژی شەمە چەمی ئاوایی کە ئاوەرۆکەی بەرەو زرێبار مل دەنێ، بە تەواوی خاوێن کرایەوە.

لێدوانێک بنووسە

  • ئەو لێدوانانەی نێردراو لەلایەن ئێوە لە ماڵپەڕ پاش پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەر بڵاوئەکرێتەوە.
  • ئەو لێدوانانەی کە بوختان یان ناوزڕاندنی تێدایە بڵاو ناکرێتەوە.