ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو، هەڵمەتێکی خۆڕسک، تێکەڵاو لەگەڵ هاژەی بەگوڕی سیروان، خاوێنی زرێبار و بەرزی شاهۆ چاوەڕوانی ڕسکانێکی نوێیە؛
ئەمساڵ بە دروشمێک کە زیندوو هێشتنەوە و بەرز ڕاگرتنی شەهیدانی ژینگەمانە، دەژیێنـەوە و چرۆ دەردەکەین و دەبین بەو نەمامانەی کە بڕیارە لەدایک بین.
هاوڕێیان
خەڵکی ئازیزی ئاواییەکانی کوردستان
وەکوو نەریتی ساڵان و یادگارییەکی شەهیدی ژینگە، شەهید “ئومێد کۆنەپۆشی”، هەڵمەتی “دێتەکانی” هاوکات لە زۆربەی لاپاڵ و گوندەکانی کوردستاندا بەڕێوە دەچێت،
بۆیە داواتان لێ دەکەین ئیمساڵیش قۆڵی هیمەت هەڵماڵن و وەکوو ساڵانی پێش بە بەشداریتان، ئەو حەماسە بەنرخ و ژینگەپارێزییە بخولقێنن.
گوندێکی خاوێن و پەتی لە زبڵ و پیساییەکان، خۆی بۆ هاتنەوەی سەری ساڵی نوێ و مێوانداری هاوڵاتییان دەڕازێنێتەوە.
کات: ڕۆژی چوارشەممە ۲۲ی ڕەشەمە
نیشتمان چاوەڕێی ئەو هەڵمەتەی ئێمەیە و ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤانەی هەموومانە کە پێکەوە بین و لەم ڕسکانەدا بەشدار بین.
کومیتەی ئاواییەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیا
ڕەشەمەی 2718
لێدوانێک بنووسە