دەمووکە
17 كانونی یه‌كه‌م 2018 - 18:41
ناسنامە : 89
سەردان 451
پ
پ
دەمووکە_ دەمووکانە_ دارۆکەی دەمووکە_ دەوەنۆکەی دەمووکانە _ دمکانە
کوردی: دەمووکە _ دەمووکانە _ دمکانە
فارسی: موخور _ چشم بلبلی _ دارواش
ناوی زانستییانە: (لاتینی)، loranthus europeus _ viscum album
لێناس(ناسەرۆ): ڕسکاو و گووراوێکی دارین، گرمۆڵە(گرد)، قژن، لقاوی، پرژاویی، شاش، ڕەگ‌ڕەگ و گەڵادار؛ ئامبازبوو و سەپاو لە سەر دار و درەختگەل؛ بە شێوەی لامێژ(هاوخورد لەگەڵ خۆتەن) و مێمڵ و مشەخۆر.
دار و درەختەدایەنەکانی دەمووکانە لە زنجیرەشاخەکانی زاگرۆزدا: بەڕوو، مازوو، وێوڵ، هەرمێ، گۆیژ و زۆربەی دارە کورۆسکەکان، … و هیتریش.
گەڵا: سەوز، بایامی، بریقەدار، لە ئەندازەی ١٠ تا ١٨ میلیمێتردا.
پەل‌وپۆ: دارین، چیلکەیی، لە هەموو بارێکەوە پرژن، بڕێک قەف‌قەف(گرێ‌گرێ).
گوڵ: سپی و بە رەنگی جۆ.
مێوە: سەرەتا هەرمێیی ورد، سەردوایی هێلکەیی، زەردی کارەبایی و زەرد؛ لە ئەندازەی ۶ تا ٩ میلیمێتردا.
گۆشتی مێوە: سەرەتا سەوز، بە گەییوی شلەقاتەیەکی ژلەیی، لینج، خز، بلک و چەسپن و سەردوایی زەردی کاڵی ئاماڵ‌سپی.
ڕیشە: چەکەرەیەکی گەشەنەکردوو لە شێوەی ڕیشاڵەی بە ڕیشەنەبووی کۆراوە.
شێوەی ژیان: دامەزران لە سەر داری دایەن و دزەکردن و هەڵمژتن لە ڕینگامە، شیرە، تەڕایی و شیراوەی دار و درەخت؛ دواجار گۆڕاندنی شیراوەی هەڵمژراو لە داری دایەن بۆ ڕینگاوی پەروەردەکراو لە ڕێگەی سەوزەمەنی(کۆلۆڕۆفیل)ەوە لە ناو گەڵادەردراوەکانی خودی بنچکی دەمووکەکەوە.
نێژەری دەمووکە: باڵندە و پەلەوەرگەلی دەمووکەخۆرە(ڕەشیشەی خاڵبەرۆک)، مرەڕەشە، قژاکە،… و گیانلەبەر و زیندەوەرگەلی سمۆرە، بۆگەنکە، دارهەڵزنان، … و هیتر.
گیاندار و ئاژەڵی وەک: مەڕەسوور،کەڵ و بزنی کێوی، کەروێشک، ژیژگ و مەڕ، بزن، گاوگوێر و چاروێ ئەگەرچی لە دەمووکە ئەلەوەڕن بەڵام چونکە پاشەرویان ئەکەوێتە سەر خاک؛ با دانەی نەشکاویشی تێدا ببێت کەچی ناوکی دەمووکە ناتوانێت لە سەر زەویدا بڕسکێت. دانەی ئەم دەوەنۆکە هەلی چەکەرەکێشانی لەسەر خاکدا هەیە بەڵام توانایی سەوزبوونی لە سەر زەویدا نییە.
چۆنیەتی سازەمەرۆی(مێکانیسم) ڕسکان و گوورانی دەمووکە: هەردەوان، دارستان‌گەڕ، دۆزەر و توێژەری داران و جەنگەڵ‌نشینەکان لایان وایە کە سازەمەرۆی ڕسکانی دارۆکەی دەمووکانە لە دانووسان و چەکەرەکێشانی ناوکەکەیۆ تەنیا لە سەر لق، پەل و چڵی دار و درەخت دەس‌پێئەکات. باڵندە و زیندەوەری دارنیش و دارهەڵزن ئەبن بە هۆی ڕاگوازتنی ناوک و دانەی دەمووکە. گیاندارانی ڕاگوێزەر لە ڕێگای خواردنی مێوەی گەیشتووی دەمووکانەوە پێکهاتەی مێوەکەیان بە تەواوی بۆ هەزم و هاڕمە(گەوگ‌هاڕین) ناکریەت، چونکە ئانزیمگەلی ناو زیخەتۆرەی پەلەوەر و گەوگ(ورگ)ی زیندەوەرانی هەڵگر بە کردوکاری گەوگ‌هاڕین لە ناو سکیاندا ناتوانن دانەی دەمووکە بتوێنن و بیساون و وردی بکەن؛ هەر بۆیە ناوک بە چەسپی لینجی دەمووکانە بە بێ گۆڕیان ئامادەیە بۆ ماکی سەرەتای ڕسکان و گووران.
بەم پێیە ناوکی دەمووکانە ئەبێ لەسەر لق‌وپۆپی دار و درەختاندا دابسرەوێنرێت و جێگیر ببێت. هەلی دانووسان و جێگیربوونی ناوکی دمکانە بە ئامووری(ئەڤزاری) لینجاوی بلکی ناو ڕیمەن(پاشەرۆی گەوگهاڕین)ی گیانداران و ڕیقنەی باڵندەگەلی ڕاگوێزەر کە هەمان پاشماوەی مێوەی ناوکەکەیە؛ لە سەر پەل‌وپۆی درەخت بە باشی دەرفەتی ڕوواندنی بۆ بەدی ئەیەت. دانە بە بوونی چەسپی بلکی گۆشتی مێوەکەوە؛ داڵووی پارێزەری هەیە. ناوکی دەمووکە بەو پارێزەرەوە بۆ ڕسکاندنی خۆی نم و شێی پێویست لە داری دایەن وەرئەگرێت . جا لەژێر داڵووی لینجی مێوەکەوە هەلی داکوتانی ڕیشاڵکە بۆ دانەی دەمووکە پێک ئەیەت . لە ڕێگەی دزەکردنی و دەربازبوونی چەکەرە بۆ ناو تەنپێکی(ئەندامی گیاندار) درەختی سەوز و زیندوو؛ دەستی ڕیشاڵۆکەی ناوکەکە ڕائەگات بە تڵپ و تراومەی داری لە سەر داسەپیو.
دوای گۆچگرتن بە شیراوەی کاڵ و خاوی درەختی لامێژلێکراو؛ ڕیشاڵەی دەمووکە پەرە ئەبەستێت ودەس‌ئەکات بە هەڵمژتنی ڕێنگامەی زۆرتر بۆ درووسکردنی تەنپێک و ئەندامی دیکە. لق و پرژی دەمووکانە گەڵای دۆڵەمێ(نەبەکام،ناڕەس) دەر ئەکات. لە گۆچ‌گرتنێکی سەرەتایی لە ناو ئەو گەڵا ناڕەسە‌دا ؛ سەوزەمەنی دەست ئەکات بە گەشەکردن و پەرەسەندن . لە ناو گەڵای سەوزەمەنیداری دەمووکەدا ڕینگاوی ناپەروەردە بە سازەمەرۆی سروشتیی (ئەرکی گەڵا سەوزەکان)؛ شیراوەی ڕا‌هێنراو و پەروەردەکراوی لێ درووست ئەبێت. ئەمجار گەشەی دەمووکانە پەرە ئەگرێت. هەتا بێت ڕەگ‌ئاژۆتنی ڕیشاڵە فراوانتر ئەبێت. چڵ، پرژ، توێخوڵ و ئەندامانی دیکەی دارین ئەگرسن و پەیکەرە ئەکەن. بەرەبەرە گورزەدارێکی قژن و چڵ‌چڵاویی لێ پێک ئەیەت. جا دیارە وەدەس‌خستنی بژێویی ئەم دەوەنۆکە بە شێوەی داسەپین و ئامبازبوونە لە سەر درەختی پایە. لە سەر ئەم شێوە ژیانەیە کە داری لامێژ لێکراو بێجگە لە بەدەس‌هێنانی بژیوی و خۆراک بۆ خۆی؛ ئەبێ خۆراکی لاکوتانە و بۆخۆکێشانەی دەمووکە سەربارەکەیش دەستەبەر بکات. هەر بۆیە زۆر جار ئەو درەختە کە دەمووکە لە سەر لق‌وپۆپی سەوز بووگە؛ بە هۆی فراوانیی لامێژلێکردنی خورد و هەر وەها گلاندن و تێزایینی تراومەیەکی ژەهرین لە دەمووکەوە بۆ ناو لق‌وپەلی داری لەسەر داسەپیو؛ باسکی داری دایەن تڵپ و تەڕایی خۆی لە دەست ئەدات و ناوە ناوە لاواز ئەبێت. ئەم کزبوونە سەرەتا لە پەلی دەمووکەگەستووگەوە پێوازئەکات هەتا سەردوایی ئەگاتە سیس‌کردن و وشک‌کردنی بن‌باسکی ئەو لقە.
داسەپینی دەمووکە لەسەر داران کاریگەرییەتی لەسەدا سەدی تیابردن و مراندنی داری دایەنی بەخێوکەری نییە؛ بەڵام ئەگەر هاتوو بە تیابوون(نیسبەت و بڕ)ێکی بەربڵاو و فراوان، بوونی ئەم دەوەنۆکە لە سەر پەل‌وپۆی درەخت بوونی هەبوو، رینگاو و شیراوەی درەخت تاڵان ئەکریەت و چیتر داری پایە ناتوانێت تەڕایی و ڕینگامەی ئەو باسکە بە رێگای سروشتیانە بۆخۆی بەدەس‌ بهێنێت. جا لە وەها کاتێکدا ژیانی ئاوەها دارێکی دارستان ئەکەوێتە بڤەگایی و تیاچوون.
لێچواندنی داستانی ڕەوەندی دەمووکە لە ڕەوتی ئەفسانەی “سەرەتا مریشک یا سەرەتا هێلکە” ئەچێت.
هەڤڕێکانەی(موعادڵە) نێوان ڕسکانی دەمووکانە بەرانبەر بە دەستەبەربوونی خۆراکی دەمووکەخۆرە و ئەوانیتر، هاوکێشەی نێوان پێویست بەرانبەر پێویستییە. هەتا ژیان و ستاری دەمووکەخۆرە و … هیتر بوونیان ببێت ڕسکان و گوورانی دەمووکانەیش درێژەی هەیە.
سەرئەنجام؛ هەرچەند گرمۆڵەداری دەمووکانە وەک لاوەچ(موشتەق)ێکی گورزین لە سەر باڵای دار و درەختەکاندا خۆی ئەنوێنێت بەڵام بە وێنەی وەچ‌ و پەلی داری پایە ناناسریەت و هەژماریش ناکرێت. کە وابوو؛ چەمکی ژیانی دەمووکانە نالەباری و نەخۆشینێکی مشەخۆرانەیە کە زۆر لەمێژە سەپاوە بە سەر دار و درەختی جەنگەڵ و لێڕەوارەکاندا. نەمان و بنەبڕبوونی دەمووکەیش ڕەوینەوە و بچڕانی هەڵپێکی خورد(زنجیرەی بژێوی، لێبەندی خۆراک)ی مەییو، سرەوتوو و بین‌گرتووی نێوان دارنیش و دارهەڵزن و ڕیز و بڕگەکانی دیکەی ژینگە، ستارگە، کاو و لانکەی دارستان و وەڵگا سەوزاییەکانی بە دواوەیە.
کورد وتەنی: “وەی لە هەر دو بارەکەی”!

نوسین و یەکخستن:
ناجی کانی‌سانانی.

بە کەڵک وەرگرتن لە کتێبگەلی:

١_ فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە
هەژار (عەبدوڕەحمان) شەرەفکەندی.

٢_ فرهنگ علوم زیستی
مرتضی عطری.

٣_ فلور ایران
احمد پارسا.

۴_ فلور ایرانیکا
کارل هاینز رشینگر.

۵_ فلور رنگی ایران
احمد قهرمان.

 

لێدوانێک بنووسە

  • ئەو لێدوانانەی نێردراو لەلایەن ئێوە لە ماڵپەڕ پاش پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەر بڵاوئەکرێتەوە.
  • ئەو لێدوانانەی کە بوختان یان ناوزڕاندنی تێدایە بڵاو ناکرێتەوە.