ئێوە “ئومێد”ی نیشتمانن!
16 ئازار 2019 - 11:48
ناسنامە : 970
سەردان 265
پ
پ

٢٠١ گوندی کوردەواری هاوکات و هاودەنگ، ئاواییەکانیان لە زبڵ خاوێن کردەوە!

رۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، ئەندامانی کومیتەی دێکانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و جەماوەری ژینگەپارێزی شار و گوندەکان، دەستیان دایە خاوێن کردنەوەی کۆڵان و چەم و لاپاڵی ئاواییەکان.
هەڵمەتی پاک و خاوێن کردنەوەی ئاواییەکان لە ژێر ناوی “دێ تەکانی” و بە دروشمی “نیشتمانێکی بێ زبڵ” هەموو ساڵێک لە دوایین چوارشەمەی پێش نەورۆز بە ڕێوە دەچێت و ئەمساڵ حەوتەمین ساڵی خۆی تێپەڕاند.
رێوڕەسمی دێ تەکانی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە یادی بەرپرسی پێشووی کومیتەی دێکان، “”شەهید ئومێد کۆنەپۆشی” کە لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ئەمساڵدا گیانی ئازیزی لە ڕێگای پاراستنی ژینگە بەخت کردبوو، خرۆشێکی زیاتری بۆ نیشاندانی وەفا بە ڕێگای شەهیدان بەو رێوڕەسمە بەخشی. بە دڵنیاییەوە بەشداری بە شکۆی ژینگەپارێزان، ئەمساڵ لە هەموو ساڵانی ڕابردوو زۆرتر بوو.
لەم هەڵمەتە بەرینەدا گوندەکانی بەشی خاو و میراوا، بەری زرێبار (بەرەی بەگزادە)، سەرشیو، کۆماسی، چەم شامیان، هەورامان، کەڵاتەرزان و ژاوەرۆ هاو دەنگ و هاو دڵ؛ پیس و پۆخڵی ئاواییەکانی نیشتمانیان ڕاماڵی. خەڵک بە گرتنی وێنە لە گەڵ بنێری ئەمساڵدا کە بە سیمای “شەهید ئومێد” نەخشێندرا بوو، کۆتاییان بەم چالاکییە دەهێنا.
ئەنجومەنی سەوزی چیا بە بۆنەی هەنگاوی پتەو و پڕ لە خرۆشی خەڵکی گوندەکانەوە ڕێزنامەیەکی ئاراستەی هەموو ژینگە پارێزان و ئەندامانی کومیتەی دێکان کرد. لەم ڕێزنامەیەدا وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و ساڵی تازە؛ هاتوە: “ئەو دیارییە سەوزە وەک چەپکەگوڵی درەوشاوەی نەورۆز بۆ سەر شاخ و چیمەن و دارستان، بۆ قەراخ چەم و کانی و ڕووباران و وەک هێمایەکی زێڕین و ڕەمزی سەروەریی پارێزەرانی ژینگە، گڵکۆی شەهیدانی پێ دەڕازێنینەوە”.
بە هیوای درێژەدان بە ڕێگای شەهیدانی ژینگە و سەربەرزی هەموو ژینگەپارێزان!

 

ئەنجومەنی سەوزی چیا

ڕەشەمەی 2718

لێدوانێک بنووسە

  • ئەو لێدوانانەی نێردراو لەلایەن ئێوە لە ماڵپەڕ پاش پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەر بڵاوئەکرێتەوە.
  • ئەو لێدوانانەی کە بوختان یان ناوزڕاندنی تێدایە بڵاو ناکرێتەوە.