28 تشرینی یه‌كه‌م 2019 - 20:44
ناسنامە : 1521
سەردان 68
پ
پ

بە بایکۆتی شتومەکی تورکیە؛ پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژاوا بکەین!

بێ گومان هەموان لە هێرشی دڕندانە و ڕەگەزپەرەستانەی سپای تورکیە و داعشیە هاومەرامەکانی بۆ سەر ڕۆژاوا زۆر نگەران و تووڕەین و بیر لەوە دەکەینەوە کە پێویستە ئێمەی کورد و نەتەوە ڕزگاریخوازەکانی جیهان؛ بە شێوەیەکی گونجاو هەنگاوێکی کاریگەر لە دژی ئەو هێرشە فاشیستییە هەڵ بێنینەوە. 
دۆزینەوەی ڕێگایەکی گونجاو بۆ ئەم کەڵکەڵە و نگەرانییە، گاهەس بە دژوار بزانرێ. بەڵام ئەزموونی کۆمەڵگەکانی دیکە، لە باروودۆخێکی مێژوویی و ئاوەها ئەستەم و پڕستەم، وڵامێکی زۆر بەهێز و لە هەمان کاتدا ساکارە، کە بە دڵنیاییەوە لە هەمبەر فاشیسمی دەوڵەتی تورکیەدا دەورێکی زۆر کاریگەری دەبینێ.
ئەم ڕێکارە هەمان بایکۆت و بەکارنەهێنانی شتومەکە جۆراوجۆرەکانی تورکیەیە. کوردستان لە دێرزەمانەوە لە بەر گەلێک هۆکارەوە بەردەوام بازاڕێکی بەرفراوانی شتومەکی تورکیە بوە. لەم ڕوانگەوە زۆر ژیرانە دەنوێنی گەر بڕۆینە بواری ئەزمونی ئەم ڕێکارە بەکەڵکە.
بایکۆت ڕێکارێکە دوور لە تندوتیژی لە لایەن جەماوەرێکەوە کە لە دەست ئەم سیستە پر لە خوێنڕشتنە بە زاڵە هاتوون و لە ئارەزووی جیهانێکی دوور لە شەر و چەوسانەوە و داگیرکاری، ئەیانەوێ بەها مرۆیەکان پارێزراو بێت و جیهان پڕ لە مێهرەبانی و پێکەوەژیان بێت. 
ئێمە و هەموو مرۆڤە ئازادبیرەکان، بە چەند ڕێکاری ساکار و بێ گرفت لە هەمبەر ئەو شەڕە نابەرانبەرە کە ئەردۆغانی منداڵکۆژ، دژی نەتەوەکانی رۆژاوا ڕێی خستووە، ئەتوانین هەڵوێستی جوامێرانە و جۆرێک لە خەباتی شارستانی لە گەڵ داگیرکەران بێنینە بواری ڕاهێنان و ئەزموون. 
ئێمە ئەتوانین هێزی یەکگرتوویی و توانای هاودەردی خۆمان پیشانی هەموو جیهان بدەین و بەو هەنگاوانەمان هاوار بکەین کە ئەتوانین، کاتێ کە بمانەوێ؛ ئەیبینن کە چلۆن ئیرادەی جەماوەر ئەو هاوپێوەندیە پر لە هەڵە سیاسیانە تێک و پێک ئەدات.
بۆیە لێرەدا بڕێک لەو ڕێکارانە ناوبژێر ئەکەین و هەموان بۆ ئەنجام و بەڕێوەبردنی بانگهێشت ئەکەین:
 ١_ بایکۆت و نەسەندنی هەر جۆرە شتومەکێ کە درووستکراوی تورکیەی فاشێست بێت، بۆ لاواز کردنی ئابووریێ کە داهاتەکەی لە خزمەت پێکهێنانی گولە و موشەک بۆ کوشت و بڕی مرۆڤە بێ تاوانەکانە.
٢_ لابردنی کاناڵە تەلەویزیۆنیەکان لە سەر ماهوارە(وەک: جم تی وی و …) و هەروەها هەموو ئەو کاناڵانەی کە فیلم و سریاڵی تورکیە بڵاو دەکەنەوە، بۆ بەرگری لە پەرەپێدانی فەرهەنگی فاشیستی و پڕ لە تندوتیژی کە ناوەرۆکی ئەو جۆرە بەرهەمە دژی فەرهەنگیانەی گرتوەتەوە.  
٣_ بەکارنەهێنانی ئەو ناو و نیشانانەی تورکیە کە هەڵگری فەرهەنگ و بەها فاشێستیەکانی زاڵ بە سەر تورکیەدایە.
٤_ سەفەر نەکردن بۆ تورکیە لە ڕێی باڵافڕەکانی ئەو وڵاتەوە. هەروەها لە هەموو کۆمپانیە گەشتیاری و مسافرییەکان داواکرین؛ تێکەڵ بەم جڤاتە کۆمەڵایەتی و بەرهەڵەستکارییە ببن و هەموو تۆڕە گەشتیاریەکانی خۆیان بۆ شارەکانی تورکیە هەڵبوەشێننەوە.
٥_ بازرگانەکان بە جێی هاوردەکردنی شتومەکی دروستکراوی تورکیە، لە وڵاتانی دیکەوە کاڵا هاوردە بکەن. کومپانیەکانی ئاڵوگوێزی کاڵا، پێویستە لە هەڵگرتنی شتومەکی تورکیە خۆ بپارێزن. ئەم هەنگاوە باشترە خۆبەخشانە بێت، چون جڤینی جەماوەر ئەو پەیامەیان بە سەردا دەسەپێنی.   
هەر لە ئیستاوە خەڵکی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بایکۆتی بەرهەمەکانی  تورکیەی فاشیستییان دەست پێ کردوە، پێویستە ئێمەیش هاوڕێ لە گەڵ ئەوان ئەم هەنگاوە هەڵ بێنین.
بە سەرنجدان بەوەی کە ئابووری تورکیە لە سەر بەرهەم هێنانی پۆشاک، بڕێک شتومەکی خواردەمەنی و گەشتیاری دامەزراوە، دڵنیا بن هاوڕێیی ئێمە لەم بایکۆتەدا، ئابووری لەرزۆکی تورکیە تووشی قەیرانی کوشەندە دەکات. ئەمەش بە مانای لاوازکردنی رۆژ لە دوای رۆژی فاشیسم و پاشەکشێیەتی لە داگیرکاری و دەستدرێژی و لە ئاکامیشدا، لێکترازانی دەبێت. 
مێژوو و مرۆڤایەتی بانگمان دەکات؛ ئەمڕۆ دژ بە دەسەڵاتی فاشیستیی لە تورکیە هەڵوێستمان ببێت. جوامیری ئێمە لە بارمتەی خەبات دژی ستمکار و پاراستنی ستەم لێکراو دایە.  
شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان
 ناوەندی فەرهەنگی – هونەری ڤەژین
 ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبی ڕۆجیار
 یەکێتی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان (یەمامە)
 ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان (انجمن صنفی معلمان مریوان)
 ئەنجومەنی خەڵکیی بەرگری لە مادە هۆشبەرەکان- ژیانەوە  
 ئەنجومەنی سەوزی چیا
 ئەنجومەنی فەرهەنگیی – ئەدەبیی مەریوان
 ناوەندی زانستی – فەرهەنگی ڕۆنان

لێدوانێک بنووسە

  • ئەو لێدوانانەی نێردراو لەلایەن ئێوە لە ماڵپەڕ پاش پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەر بڵاوئەکرێتەوە.
  • ئەو لێدوانانەی کە بوختان یان ناوزڕاندنی تێدایە بڵاو ناکرێتەوە.