هەڵسەنگاندنی جۆراوجۆریی ژیان و، پێوەرگەلی پاراستنی پەلەوەرەکانی گیانپەنای خۆڕستی زرێبار، بۆ ناساندنی ئەم ژینگە، وەک؛ پەنگاوێکی گرنگی نێونەتەوەیی لە نوێترین وتاری بڵاوکراوەی ئەندامانی لێژنەی پەلەوەرنواڕی ئەنجومەنی سەوزی چیا
چەکەرەی بیرۆکەی گرێدانی پەیماننامەیەکی نێونەتەوەیی بۆ پارێزگاری لە پەنگاوەکان ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩۶٢ی زایینی. بەڵام لە ڕاستیدا ٨ ساڵی پێویست بوو تا ئەو بیرۆکە ڕۆشنبیرانە بگاتە ئامانج و ببێتە کردەوە. لە ماوەی ئەو ٨ ساڵەدا چەندین کۆبوونەوەی هاوبیری و ڕاوێژکاری لە نێوان کاربەدەستان و بەرپرسانی ژینگەی بڕێک لە وڵاتانی جیهان بەڕێوە چوو تا سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٧١ی زایینی(١٣۴٩ی هەتاوی) بە هۆی هەوڵ و تەقالای “ئەسکەندەری فیروز” سەرۆکی پێشووی سازمانی پاراستنی ژینگەی ئێران، ئەو پەیماننامە گرنگە گرێ درا.
“ئەسکەندەری فیروز” توانی سەرۆک ژینگەی ١٨ وڵات و بەرپرسانی بڕێک لە ڕێکخراوە نادەوڵەتیە نێونەتەوەییەکان وەک؛ فائو، یونسکۆ، IUCN و WWF لە شاری ڕامسەری ئێران لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە تا بەڵگەی کۆتایی کونوانسیۆنی پاراستنی پەنگاوەکانی جیهان واژۆ بکەن. میوانداریی ئێران بۆ گرێدانی ئەو پەیماننامە لە شاری ڕامسەر لە ڕۆژی ١٣ی ڕێبەندانی ١٣۴٩ی هەتاوی، بوو بە هۆی ئەوە کە ناوی ڕامسەر لە سەر کونوانسیۆنی پاراستنی پەنگاوەکانی جیهان (The Ramsar Convantion on Wetlands) بچەسپێت و ئاڵای پێشکەوتووترین کونوانسیۆنی ژینگەپارێزانەی جیهان لە مەکۆی هەمیشەیی خۆی لە شاری گلندی سویس بە ناوی ڕامسەرەوە بشەکێتەوە.
ناوەرۆکی کونوانسیۆنی ڕامسەر لە پێشەکییەک و ١٢ مادە پێک هاتوە. لەم کونوانسیۆنەدا پێرستێ لە پەنگاوە گرنگەکانی جیهان ئامادە کراوە. تا ساڵی ٢٠١٨ی زایینی ٢۴ پەنگاوی ئێران بە ڕووبەری ١۴٨۶۴٣٨ هکتار لە ڕیزبەندی کونواسیۆنی ڕامسەردا تۆمار کراوە. واژۆکەرانی کونوانسیۆنی ڕامسەر ئەرکی سەر شانیانە کە پەنگاوە گرنگەکانی وڵاتەکەیان دەستنیشان بکەن و دوایین خەریتە و نەقشەڕێگای پەنگاوەکان بە جۆرێ داڕێژن و بەڕێوەی ببەن کە پاراستن و پارێزگاری و بەکارهێنانی تەندروست لەو پەنگاوانە لە وڵاتی خۆیان ئاسان بکاتەوە. هەروەها بە پێی بەڕێوەبەرایەتییەکی ڕێک و پێک هەوڵ بدرێ زۆرترین پەلەوەری ئاوژی ڕوو لەو پەنگاوانە بکەن و ئاسانکاری تەواو بۆ پاراستنی پەنگاوەکان و پەلەوەرە ئاوژییەکان لە ناوچەی پەنگاوی بکرێت.
لێژنەی پەلەوەرنواڕی ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٢هەتاوی بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پەنگاوی زرێبار بۆ پێشنیار و ناساندنی وەک سایتێکی “ڕامسەر” و پەنگاوێکی گرنگی نێونەتەوەیی، توێژینەوەیەکی چڕ و پڕی لە سەر جۆرایەتی ژیان و پێوەرەکانی پاراستنی ئەم پەنگاوە دەست پێ کرد کە بەرهەمی توێژینەوەکەی ئەو لێژنە لە نوێترین ژمارەی گۆڤاری “ژۆرناڵی نێونەتەوەیی “Podoces” ، کە گۆڤاریێکی پسپۆڕانەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە سەر پەلەوەرەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا و ئاسیای ناوینە، لە چاپ درا.
دەقی ئلکترۆنی ئەم وتارە بە خۆڕایی لە سەر وبسایتی ‘ژۆرناڵ Podoces” خراوەتە بەردەستی خوێنەران. (http://www.wesca.net/Podoces/podoces12.2.html).
لەو لێکۆڵینەوەدا، ٢٢٢ جۆر پەلەوەر، سەر بە ١۶ باڵ و ۵٠ بنەماڵە پێناسە کراوە کە ٩۵ جۆر لەم پەلەوەرانە بۆ یەکەم جار لە ژینگەی زرێباردا پێناسە و ڕاگەیەندراون. ئەم ژمارە لەم پەلەوەرانە نزیک بە ۴٠%ی هەموو جۆرەکانی تۆمارکراو لە سەر “فۆن”ی پەلەوەرەکانی ئێرانە کە ۵۵١جۆرە.
لە هەموو جۆرەکانی پەلەوەرە پێناسەکراوەکانی ئەم لێکۆڵینەوە، ١٣١جۆر(۵١%)ی؛ وشکان ژی و ٩١ جۆر(۴١%)ی ئاوژی و قەراخ ئاوەکانن.
هەروەها لە ڕووی پارێزگارییەوە؛ لەم ژمارە پەلەوەرە، ٢١ جۆری لە پاشکۆی یەکەم و دووهەمی کونوانسیۆنی جیهانی، قەدەغەی بازرگانی و مەترسی لە سەرن (CITES)، و ١١ جۆریشی لە بارودۆخی سەرنج ڕاکێش و لە لیستی سووری یەکیەتی جیهانی پارێزگاری لە سروشت(IUCN) جێگیر کراون.
ئاکامی ئەم لێکۆڵینەوە نیشاندەری ئەوەیە کە گیانپەنای خۆڕستی زرێبار خاوەن بارودۆخی پێوەرەکانی ۱A، ۲B، ۳B، ۴B و ۶B ی کونوانسیۆنی ڕامسەرە. بۆیە پێشنیار کرا کە ئەم ژینگە وەک پەنگاوێکی گرنگی نێونەتەوەیی، لە بەر جۆرایەتی ژیان و پاراستنی، لە ڕیزبەندی پەنگاوەکانی کونوانسیۆنی “ڕامسەر”دا بگونجێت.
لێدوانێک بنووسە